تاڵی گڕ

از کتاب:
زەبری هۆنراوە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 1 دقیقه  813 مشاهده
پشکۆم کرد بە ئەڵقە و بازن
گەردانەی ئاگر بۆ گەردن
لە تاڵی گڕ چنیم لەچک
بۆ قژ و ڕوومەتی ناسک
کراسی نەرمی ئاگر چن
ئاودامان ئاڵا لە بەژن
نێڵەنێڵی ئاگری خۆش
بوو بە نەغمەیەکی بەجۆش
دووکەل لەسەر سنگ و مەمک
بوو بە دەسماڵێکی تەنک
وتم: بۆ دیدەنیت تینووم
ئەی پەریی وەرە ناو پێلووم
دایمێ چەپکێ ئاگری ڕووت
پشکۆی لێوی هیچ نەبزووت
دوا گۆرانیی ئارامم کوشت
خوێنی دوا بەستەی گەرمم ڕشت
قیژانم: نامەوێ ئاگر
مەبارێ ئەی کلووی بەفر
بەژنی شەنگەکەم بەفرینە
بەرگی جوانی ئاگرینە