پەنجەرەی سەوز و سوور

از کتاب:
زەبری هۆنراوە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 6 دقیقه  725 مشاهده
ئەوسا دنیا لە لای دڵم خۆش و بەرین بوو
باخی هەستم گوڵزارێکی گەش و ڕەنگین بوو
بەهاری گیان هەمیشە تەڕ، جوان و پاراو بوو
لە دەروونا خوڕەی تاڤگە و قەڵبەزەی ئاو بوو
لەو سەردەمە نە گرژی بوو، نە کسپەی خەم بوو
دڵم خۆش بوو لێوی گەشی زەردەخەنەم بوو
ئاسۆی ژینم وەکوو لێوی کۆرپەلە ئاڵ بوو
ئاسمانی گیان پیرۆزەیی، تەنیا ساماڵ بوو
مانگی هیوام هەر چواردە بوو و تریفەدار بوو
کانیی خەوم ڕوون و هێمن، بریسکەدار بوو
لەو سەردەمە شێردڵم بوو، جوان و خرپن بوو
نۆبەرەم بوو، شا ئاواتی ژیانی من بوو
تازە پاییز شانەی ئەکرد ئەو قژە خاوە
کە شێردڵی نازداری دڵ هاتە دنیاوە
ماڵەکەمان عرووسیی بوو، ئاوێنەبەن بوو
دیواری ژوور نەخشی ناسک، ورد و دەگمەن بوو
لەسەر دیوار شەوبۆ و نێرگز هەڵکەندرا بوو
بە ئاوێنە نەخشی دار، گوڵ چەسپێنرا بوو
پەنجەرەکان داری گویز بوون بە شووشەی ڕەنگین
بە ئێواران ڕەنگیان ئەڕشت وەک پەلکەزێڕین
ئەو سەردەمە ڕووناکیی ژوور، شەو چل چرا بوو
لە بنمیچی نەخشاویدا هەڵواسرا بوو
کە شێردڵ بوو لەبەر تیشکی چل چرای جوانا
لەکەلەگیی گەورە و خۆشاو لە پشتەیوانا
حەوت شەو کۆڕی ئاهەنگ گیرا تا دەمەو بەیان
دەمێ بەستە تاو تاوێکیش لاوکی نیان
ئەوسا دنیا لە لای دڵم خۆش و بەرین بوو
باخی هەستم گوڵزارێکی گەش و ڕەنگین بوو
باوکی شێردڵ دەمێ بووە و دەمێ هەژار بوو
ساڵێ بێئیش، دەرامەت کز، ساڵی توجار بوو
بەڵام سەغی، پارە لای ئەو وەک چڵکی دەس بوو
لە پاشەکەوت، پارە لادان ئێگجار وەڕس بوو
باوکی شێردڵ دڵسۆزانە کوڕی پێگەیان
لە خەم ڕەخسی، خۆی دایە دەست گەرداوی ژیان
شێردڵ گیرا، تومەس خولیای وەتەن پەرەستی
سەردەمێ بوو لێی سەندبوو ئارام و هەستی
زڕەی زنجیر بوو بە نەغمەی خەمی دڵی من
بە نەعرەتەش بۆ هەڵمەت و بۆ تۆڵەسەندن
حەوت ساڵی تیژ پەڕەی دڵی ئارامی پێکام
بە حەوت ساڵی ئاگراوی، گڕم گرت سووتام
ئەو لە زیندان منیش لەناو زیندانی ماڵا
ئەو لەگەڵ کۆت، منیش لەگەڵ خەم و خەیاڵا
ئەو لەو دیوی دەرگای ئاسن، دیوار و تەلبەن
من لە ژووری نەک ئاوێنە دڕکی خەفەت بەن
ئەو پەرۆشی لەپێ ئاسمان یا قوولانجێ شاخ
من عەزرەتیی باخی ڕووی ئەو، ئەو عەزرەتیی باخ
حەوت ساڵ دڵم بێبەریی کرد لە بینینی دەشت
نە گەڕان بوو، نە ماڵان بوو، نە ئارەزووی گەشت
حەوت ساڵ لاشەی زەردەخەنەم لەناو دڵما ناشت
چەند بەرزییە قوربانیی وا، بەرز و بێ پاداشت
***
ئۆخەی شێردڵ دوای حەو ساڵی ڕەشی خەم چەشتن
دوای ڕەهێڵەی حەوت پاییزی ئەشکی لێڵ ڕشتن
دیتمەوە بە سەربەستی، پێ لە کۆت ئازاد
من دڵخۆش و تۆ ڕووخۆش و مناڵەکەت شاد
بەڵام حەوت ساڵ دەموچاوی گەشی ژاکانم
دوا مێخەکی هیوای خۆشیی هەڵپچوڕکانم
نە ئەو دڵە و نە ئەو شنەی زەردەخەنەیەم
نە ئەو شەوقە لە ڕووما ما، نە ئەو ئۆخەیەم
نە ئەو زەوقی جلوبەرگە و گوروونی پۆشین
نە ڕووخۆشی، نە هاژەکەی تاڤگەی پێکەنین
بە وەیشوومەی حەوت پاییزی ماتی ژیانم
لێزمەی سزا، لێشاوی خەم، گەڵاڕێزانم
بازی شادیم مایەوە سەر مشتێ چڵ و چێو
گەڵا خزا، گوڵ هەڵوەری، خەم نیشتە سەر لێو
دوای چەند ساڵێ کوژانەوەی چرای دەرامەت
گیرۆدەی تانە و پلار، ناسۆر و خەفەت
دوای چەند ساڵێ خڵتەی تاڵیی نەبوونی چەشتن
ئەشکی سووری بەپەنهانی و ئاشکرا ڕشتن
دوای چەند ساڵێ بگرە و بەردە و شەو ترسی گرتن
شەونخونی و ڕاچەنین و خورپە و نەنووستن
دەست سپێتیی کۆتاییی هات کەوتە هەوڵدان
بۆ دواڕۆژی جگەرگۆشەی، بۆ تیکەیەک نان
بەڵام ئارام ئەڵقەکانی هەر زوو ترازا
دیسان پشکۆی خەم و ناسۆر بە دڵما چزا
گێژەڵووکەی سزا ئۆقرەی دڵمی ڕاماڵی
میوەی پشووم هەر مایەوە بە کرچ و کاڵی
لەسەر لووتکەی سەختی چیای بە خوێن پەڵاوی
لە ئەشکەوتا، لە پێدەشتا، دێی دووکەڵاوی
لە دەروونی بە ئاگری تۆڵە سووتاوا
لەناو جەرگی هەژارانی ڕۆڵە کوژراوا
لە باوەڕا، سەربەرزییا، لە بێخی دڵا
لەناو دڵی لاوەکان و دڵی شێردڵا
گەردەلوولی ئاگراویی شۆڕش هەڵیکرد
دیسان شێردڵ هاواری کرد «ئەژیی ئەوی مرد»
کاتێ ژیان کەوتە بەر پێی گەردن کەچ کردن
ڕێی نامێنێ بۆ ڕزگاری بێجگە لە مردن
شێردڵ ڕێگەی چیای سەختی هەوڵی گرتەبەر
لە هەڵمەتا تەنیا سنگی ئەکرد بە سەنگەر
تامی خۆش و خەوی خۆش و تاسە و ئارامی
سەرجەم هەمووی لەڕێی کوردا کرد بە قوربانی
لە ناو کۆڕی تێکۆشانا دلێر و بەجەرگ
چەند ساڵێکی هەڵکرد لەسەر گوڵەژەنی مەرگ
شەوێ کە مانگ مات و مەلوول ئەینواڕییە چڵ
پاییزی زەرد ڕەنگی سووری ئەڕشتە سەر گڵ
کاتێ ورتە لەناو گەرووی زیڕەی فیشەکا
لەگەڵ خولیای ئارام وەکوو شووش ئەشکا
کاتێ پاییز لەسەر لووتکەی بڵندی چیا
لە جیاتی من بەسەر لاشەی شۆخا ئەگریا
گوللەیەکی بێبەزەیی چزا بە سنگیا
تفەنگەکەی لە پاش لەرزین سست بوو لە چنگیا
لەشی کفتی بە سی ساڵەی خەبات ئەنجن بووی
زامی سنگ و دڵی گەورەی لە لێدان کەوتووی
بە فرمێسکی چاوی شەماڵ گوڵی وەک چرا
ئەشکی تاڤگە بە شێنەیی و بە نەرمی شۆرا
بە نیانی و مێهرەبانیی چیای پشکۆگر
بە تاڵیی شەو، ئەستێرەی گەش، توێژاڵی ئاگر
بە دووکەڵی ئاگردانی دڵی بە جۆشی
لاشەی شەنگی تێکۆشەری ئازادی داپۆشی
ئێستە هەرچی ئەندێشەیەک پاراوی خەمە
لەناو دڵ و لە دەروونی تاریکا هەمە
هەرچی خونچەی ئاوات هەیە هەمووی هەڵوەرین
هەرچی چاوی یادم هەیە هەموویان ئەگرین
جگەرگۆشەی جگەرگۆشەم، وەچەی کەساسم
نەک بە شێوە هەر بە سۆزی دەنگا ئەناسم
چاو لێڵایی و دڵ ناسۆری تاریکی داهات
خەفەت لەگەڵ جەهەنەمی دەروونم ڕاهات
من ئەزانم تا تینوێتیی خۆی ئەشکێنێ گڵ
لە دڵۆپی خوێنی گەشی زۆری وەک شێردڵ
وەردی هیوا، تۆوی ئامانج پێ ناگەیێنێ
چنگی نەوەم داسی بەرهەم ڕاناوەشێنێ
بەڵام ئێوە ئەی کوردینە زۆرتان نەفامن
نرخ و بەرزیی خۆ بە کوشت دان هێشتا نازانن
لە لای ئێوە گڵ مەیل بڕ، شەهید ناو ون بوو
کێ ئەسووتێ با بسووتێ ببێ بە سووتوو