تیشکی چرایەک

از کتاب:
گوڵ ئەستێرە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 5 دقیقه  670 مشاهده
کچی نەرمۆڵەی شۆخ و شەنگ
بەرگیان پۆشی هی ڕەنگاوڕەنگ
ئارایش لەسەر تەختی ڕوو
لەتاو جوانی شەرمەزار بوو
گەردانەی زێڕ ئاڵا لە مل
پشتێن گوشی کەمەری شل
شەرم ئەڕژا لە ورشە و چاو
بریسکە لە ئەگریجەی خاو
ورشە لە کەوای سورمەچن
پرشنگ لە کوڵم و لە گەردن
بۆنی ڕێحانە لە پەرچەم
بۆنی گوڵە عەتریش لە دەم
دەس کە چەند جوان و خرپنە
نەخشاندبوویان بە خەنە
خەرمانەی دەوری کوڵمی سوور
لە تەمی تارادا وەک نوور
بووک گەیشتە ژووری تەلار
دەورەیان دا کچی نازدار
جوانترین شتی جوان، دەگمەن
لە ژوورێکا ئاوێنەبەن
جوان ڕێکیان خستبوو بۆ بووک
بووکی نەرمۆڵەی ئێسک سووک
پۆ پەشمین و پەردە و گوڵدان
فەرشی ڕەنگاوڕەنگی کاشان
نەخشێکیان کێشابوو ئێجگار
جوان بوو وەکوو باخی بەهار
دڵی زاواش پیری تەڕپۆش
هەر چاک بوو نەئەبوو بێهۆش
زاوا پۆشی بووی جلی جوان
سەری تاشی بوو بە گوێزان
لە پێوە تا مشکی و کڵاو
هەمووی تازە و ورد، ڕێکخراو
چاکەتەکەی وەکوو جاران
نەیبوو پینەی سەر ملیوان
کچێکی هەبوو جوان، شیرین
خوێنگەرم و شۆخ و نازەنین
بەڵام دایکی ئەبوو.. دە ساڵ
جێی هێشتبوو ژیانی ماڵ
لەژێر سایەی ئەرخەوانا
ڕاکشا بوو لە سەیوانا
باوکی.. ئەم بووکەی کە هێنا
چوارەمینی بوو لە ژینا
شەو هات و بێدەنگیی بەسام
کشایە ناو کووچە و شەقام
مانگ ئەینواڕییە پشت پەردە:
ڕووی ئەو شیرینە بێگەردە
ئەینواڕییە بووکی وەک گوڵ
- پیری ژین ڕۆشتووی بەرەو گڵ -
ئەینوارییە بەفر و ئاگر
کچ پشکۆ بوو پیرەش بەفر
هەر پارە بوو هۆی ئەم کەتنەش
سامان بووکی گرتە باوەش
لەمبەرەوە ژوورێکی تەنگ
وەکوو شەو غەمگین و بێدەنگ
کچەکەی حاجیی بەسەزمان
سەرنجی ئەدا لە ئاسمان
دوای هەناسەیەک بێدەنگ بوون
ئەسرین زایە ناو چاوی ڕوون
چاوی لێڵ بوو.. برژانگی ورد
پەنایان بۆ یەکتر ئەبرد
دایماڵی بەرگی سووری کاڵ
نواڕییە کوڵمی خڕ و ئاڵ
دوو دڵۆپی لێڵ لە ئەسرین
لەسەر گۆنای سوور ئەلەرزین
کە ڕوانییە سەر سنگی ڕووت
دڵی خۆشی بۆی ئەبزووت
سەیری پووزی ئەکرد ناسک
شووشە بوو مەچەک و باسک
کە کەمەری شلی گوشی
پەنجەی نزیک پەنجەی گەیی
هاوارە خوای شیعری بەجۆش
هەر ئەمجارە شیعرێکی خۆش
ببەخشە بە شەیداکەی خۆت
تا ماوم کڕنووش ئەبەم بۆت
سووتام سا دەی فریام کەوە
ئەم شیعرەم بڕازێنەوە
کچی بەسزمانی غەمگین
ئەیڕشتە چنگیەوە ئەسرین
وەکوو هەڵیگرێ بۆ یاد
بۆ ڕۆژێ کچ ئەبن ئازاد
گڵۆپی کوژانەوە و... تیشک
دەرکەوت لە کوڵمی بە پڕیشک
دایگیرسان چرایەکی کز
نواڕییە سروشتی پاییز
دوای هەناسەیەک بێدەنگی
دیسانەوە باڵای شەنگی
وەک شۆڕەبی کەوتە لەرزین
چەپکی ئەگریجەی ئاگرین
بە سەرسنگی نەرمیا ڕژا
بەکوڵ دیسانەوە گریا
سنگ قژی ئەگرتە باوەش
وەک بگری بۆ دڵی بێبەش
بۆ ژینێک لەگەڵ باوەژن
کە هەر خەمە و سزا چەشتن
خوازبێنی ئەوەندە کرا
تا هیچکەس هیوای پێی نەما
باوکی زاوایەکی ئەویست
زێڕی بۆ بهێنێ بە مست
حاجییەک بێ وەک خۆی دەسبڕ
هەر پارە بوو لە لای ئەو کوڕ
تا ئاوا دڵی کچەی کوشت
شەو و ڕۆژ فرمێسکی ئەڕشت
میرزا خۆشی ژن لەسەر ژن
ئەیهێنا و تووشی ئەکردن
حاجی بە درۆ لە خواترس
کچەکەی لە ژین کرد وەڕس
کچی جوانی تا بڵێی شەنگ
لەپڕ هاتە گوێی ترپە و دەنگ
کە نواڕییە بەر پەنجەرە
سەیری کرد کوڕە نۆکەرە
بیری خەفەت و ژێرکەوتن
-خولیای چەشنێ تۆڵەسەندن-
ورووژمێکیان بردە سەر گیان
یەکسەر لای تاریک بوو ژیان
بانگی کرد وەرە وەرە لام
من لەگەڵ تۆمە ئەی نەفام
حەپەسا نۆکەری هەژار
-بۆ بانگی کرد کچی نازدار!!؟
چووە لای دی کچی کەژاڵ
نیوەی سنگی، سەرشانی، باڵ
ڕووتن، کافوورێکی سپی
تێکەڵ بە ڕەنگی پەمەیی
کوڕ هەردوو چاوی دانەوان
وتی فەرموو، خانم فرمان
دوای ڕێ پاککردنەوە ورد
خانم دەسی بۆ دەسی برد
نایە سەرسنگی ناسکی
کوڕەی هەژار داچڵەکی
دەسی دوور خستەوە لە سنگ
بەڵام کچەکە وەک پڵنگ
پەلاماری دا و توند گوشی
وەکوو شێت گرتیە باوەشی
ئەو شەوە تا مەلابانگدان
مایەوە لەگەڵ کچی جوان
کە بەیانی هەستان لە خەو
کچە بەکوڵ گریا بۆ شەو
هاتە بەرچاوی کە چۆن ژین
یەکسەر لێی بوو بە گریە و شین
چۆن تەختی سەربەرزی ژیان
کەوتە ناو گێژاوی نەمان
قیژانی: چی ئەکەی لە لام؟
ئەی سپڵەی نمەک بە حەرام
پەلاماری دایە چەقۆ
نەڕاندی داوێن پیس مەڕۆ
بەڵام کوڕەکە بۆی دەرچوو
کچەش خوێنی زیاتر هەڵچوو
لەسەر پیلکانەکە چەقۆی
دا لە سنگی ناسکی خۆی
مرد کچێکی وەکوو پەری
ئاوات و خەمی هەڵوەری
باوکی لە پەردە هاتە دەر
وتی چی بکەین لەگەڵ قەدەر
چی بکەین ڕۆژی بڕایەوە
#