نیگایەک

هۆنراوەی تاغور
از کتاب:
گوڵ ئەستێرە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 2 دقیقه  831 مشاهده
کاتی جیابوونەوە،... نازدار
سەرنجێکی دامێ ئاودار
سەرنجێک پڕی بوو لە تام
لە تەزووی شیرینی هیوام
لەم جیهانە بەرینەدا
لەم شوێنە زەرد و شینەدا
نازانم سەرنجی گەرمی
تیشکی گۆنای گەش و نەرمی
کە چەند جوان و بەهادارە
لای دڵی من چەند نازدارە
لە کوێدا هەڵیگرم من
لە کوێ ئەی دڵی پڕ لە کون
کوا شوێنێ دیبێتی ڕووی خۆر
دوور بێ لە خەم و لە ناسۆر
شوێنێ بێ سەرنجی وردی
نیگای نازداری بێگەردی
تیا دانێم هەتاکوو مردن
لە کوێ داینێم؟ نازانم من
ئەوە سەرنجە چۆن لە ژینا
لە ژینی منی غەمگینا
لەناو شەپۆلی خەفەتا
لە ژیانی پڕ مەینەتا
ئەتوانێ بژی و قەت نەمرێ
لە ناسۆرا بەرگە بگرێ
نیگای لە ژوور سەرم بێدەنگ
وەکوو پەپوولەی ڕەنگاوڕەنگ
لە باغی دڵداریی ژینا
وا لە جۆشی هەڵفڕینا
لە هۆنراوەی ڕەنگاوڕەنگا
لە بەستەی پڕ لە ئاهەنگا
هەتاکوو دنیا دنیایە
ئەیپارێزم ئەو نیگایە
نامەوێ یاقووت، تاجی جوان
مرواری و زێڕ، کۆشک و سامان
ئەمانە لای من بێنرخن
بەتەنیا نیگای ئەوە من
بۆی شەیدام، پەرۆشم هەرگیز
ئای بۆ نیگای گەرمی ئازیز
«با بیکەم بە ملوانکەی گیان»
«بیکەمە گەردنی ژیان»