کۆڕنیکا

تێ ئەکۆشین بۆ ڕۆژێک کە ئادەمیزاد؛ ڕەش و سوور و سپی و زەرد یەکدڵ لە سێبەری ئاشتییا بژین...
از کتاب:
ئاگر و ژیلە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 1 دقیقه  541 مشاهده
لەناو کۆڕنیکای وێرانا
لەژێر شیناییی ئاسمانا
ڕیبوارێک ملی ڕێ ئەگری
ورد ورد ڕێی ژیان ئەبڕێ
بەرخۆلەیەک لە باوەشیا
کۆترێک لە دڵی گەشیا
گۆرانییەک ئەڵێ ئازاد
بۆ گیانی گشت ئادەمیزاد
نەغمەی یاخیبوونێک خاوێن
گۆرانییەک بۆ هەموو شوێن
سروودێکی لێ ئەبیستی
کە ئەڵێ: «ئەی خۆشەویستی»
سوپاس سوپاسی بێ پایان
سوپاس «نا» بۆ زۆردارەکان
سروودێک ئەڵێ پڕ ئاوات
بۆ «دنیا» نەک هەر یەک وڵات
زەردەواڵەی ئازار و قین
ئەفڕن بەرەو ئاسمانی شین
هێلانەکەی دڵ جێدێڵن
یەک لە دوای یەک هەڵئەفڕن
تەنیا «تۆوی» گۆرانییەکەی
کە پڕە لە خۆشی و ئۆخەی
ئەمێنێ دوای گشت کارەسات
دوای هەر شتێک بەسەری هات
هەنگوین ئەکاتە ناو دڵان
ئەیکاتە ناو دەمی ژیان
کۆڕنیکا ئەی کۆڕنیکا گیان
هەر بێتاوانی بێ گومان
زاڵ ئەبی بەسەر تاوانا
تاکوو ئەبەد لە ژیانا