دیاریی نەورۆز
گەلێ چیی ویست پێی ئەگا
از کتاب:
ئاگر و ژیلە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
2 دقیقه
946 مشاهده
بۆ ڕۆژی نەورۆز سێ چەپک
لە نێرگس و گوڵی ناسک
ئەکەم بە دیارییەکی جوان
بۆ گەلی کوردی قارەمان
«گوڵاڵە سوورەی پارچەی دڵ»
«هی دڵێک کە کەوتە ژێر گڵ»
دڵی ئەو لاوەی بۆ میللەت
جەڕانیان لە گەردنیا پەت
چرای گیانیان کوژانەوە
شەماڵ جەستەی شەکانەوە
ئەم چەپکە گوڵەی من پێشکەش
بەوەی «گڕ» ئەگرێتە باوەش
بەو لاوانەی کە بۆ وەتەن
لە خەباتا پشوو نادەن
«بۆ ژینی کورد بوون بە پێشەنگ»
بوون بە مەشخەڵی شەوەزەنگ
***
نێرگسی دەشتی هیوای ژن
کە بۆ ڕۆژێ تێئەکۆشن
جەرگیان بەسەر دڕکا نەدەن
ئەگریجە دەسکەنە نەکەن
ڕۆژێک بێ کۆرپەلەی ڕووخۆش
_ زۆردار_ نەیفڕێنێ لە کۆش
ئەم چەپکە نێرگسەی ژیان
پێشکەش بە تۆ بێ دایە گیان
بە تۆ و بەو ژنانەی دوژمن
کوڕە گەنجەکانی کوشتن
***
گوڵە زەردی کوڵمی هەژار
کە «وەریوە» بە قامچی و دار
پێشکەش بێ بە هاوڕێی پاڵە
بەوەی ژیانی لا تاڵە
بە هەژارانی شار و دێ
بە بێ کەسانی سەرە ڕێ
***
ئەم گوڵانە ئەم سێ چەپکە
کە پەڕەیان تەڕ، ناسکە
لە یەک دەشتا، یەک چیمەنا
لەناو دەروونی وەتەنا
هەر لە یەک جۆگەلەی یەک شوێن
مژیویانە دڵۆپی خوێن
***
دوای پێشکەش کردنی دیاریم
ئەڵێم «بێ شک» کوردەواریم
ئەی نەورۆزی هەزار ساڵە
لێی هەڵدێت شەبەقێک ئاڵە