دۆزەخ لە عیشقە خاڵی و جەننەت لە دەرد و داغ
از کتاب:
دیوانی مەحوی
اثر:
محوی (1836-1906)
1 دقیقه
5327 مشاهده
دۆزەخ لە عیشقە خاڵی و جەننەت لە دەرد و داغ
عاشق لە حەشریشا نیەتی جێ دڵێ فەراغ
گەر عازیمی زیارەتی کەعبەیی مەحەببەتی
ڕێ: چاکی دڵ؛ عەلامەتی ڕێ: داغ و شوێنی داغ
عیشق ئاگرێکە بەر بووە هەر کەس دەبێ بە کەس
گەر ڕۆژەرەش وەکوو شەوە بێ، بوو بە شەوچراغ
دەستم دەوێ سواوی ئەسەف، دیدە کەیلی ئەشک
یا ڕەب بە دوشمنیشی نەدەی دەست و چاوی ساغ
دەستی حەنا نیگار و، مژە و چاوی سورمەدار
بۆ غەیری خان و خانمەفەندی نییە موساغ
هەر کۆششە بە کارە، ئەگەر چووبیە فەناش
دڵ بوو بەگەرد و عالەمی دامەن دەکا سوراغ
هەر ئاهی عاشقە دەمی پێ بێتە پێکەنین
ئەم غونچە بەو نەسیمەیە بیپشکووێ دەماغ
جۆبارە، لالەزارە، هەتا چاوی بڕ دەکا
مەحویتخلص بەهەشتی بۆ چیە، چ بکا لە ئاو و باغ؟!