تاوانی میرە

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 1 دقیقه  802 مشاهده
وەرزێر کەرەکەی بەرەو لەوەڕ نارد
خۆی خەوت و لەپڕ گورگ کەری خوارد
ڕووی کردە تەلاری میری کۆرە
کارت وەبێ، ناڕەوایە زۆرە
کوانێ کەرەکەم لە تۆ گەرەکمە
بێ بارەبەرم بە جارێ پەکمە
میر پێکەنی: خۆت هەڵە و پەشێوی
چۆن خۆت ئەخەویت و کەر لە کێوی؟
کابرا وتی ڕاست ئەکەی نەزانم
پڕ ژانە لە دەستی خۆم ژیانم
پێم وابوو کە تۆ بەخێو دەکەم من
پاسم دەگری لە حاندی دوژمن
وەمزانی کە چاوی من چووە خەو
بێداری لە دەوری من هەموو شەو
نانی مە هەمووی فڕی بە فیڕۆ
گورگی زلە بۆمە میری وەک تۆ
چاوم چووە خەو لە خۆت کە خەوتی
دەبوایە لە خۆت نەنووم، کە چەوتی!
میر بەرزەوە بوو گوڕی لە یاران
کوا شیر و ڕم و گرووی سواران
لەم ڕۆکەوە سوێند بە نانی جووتێر
ئەونانە کە مەزن و میر دەکا تێر
تا گورگێ لە کوردەواری مابێ
خەو نابێ بەدەوری دیدەما بێ
وا ڕاوە لە شار و کەژ، دەر و دێ
چوارپێ کەمە زۆرە گورگی دوو پێ
هەر چەندی هەژار و شوان و گاوان
زیانی دی لە من بسێنێ تاوان