کەرستەی ژن
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
1 دقیقه
940 مشاهده
خوای گەورە جارێک سەردەمی بەهار
لە کارگەی ژیان دەستی کرد بە کار
لە کۆتر قنە و خەت و خاڵ لە کەو
سرتە لە شنە و هێمنی لە شەو
لە باڵداری چووک نەرمی پەڕی مل
گمین لە کۆتر ئاواز لە بولبول
هاڕە لە تاڤگە و ناڵە لە بلوێر
ترسی کەروێشک و ئازایەتی شێر
ئاونگ لە بەیان ئاوڕی ئاسکی سڵ
گرژی لە خونچە و پێکەنین لە گوڵ
لە کارمامز باز لە باز تیژی چنگ
فیز لە تاوس و جوانی لە پرشنگ
بارین لە هەور و لە با وازوازی
لە ڕێوی و مەیموون فێڵبازی و بازی
مەندی لە زەوی و ڕەوانی لە ئاو
ڕەشی لە شەوە و ڕووناکی لە تاو
تاڵی لە کەکرە و تام و بۆی هەنگوین
لە بەفر سەردی و لە جەهەننەم تین
ڕەقی لە ئەڵماس تورتی لە پەنیر
لە لافاو لێڵی و بێ گەردی لە شیر
هێنای و شێلای لێکی دان تەواو
کردی بە ژنێک بۆ ئاودەنگیی پیاو