ژوانێکی دوور
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
1 دقیقه
808 مشاهده
شێخۆنادۆ ناو، زوڕنا ژەنی پیر
جەفەنگباز و ژیر دەژیا لە جزیر
شێخێک پێی دەڵێ: زوڕنا بەس لێدە
لە سەر مردنی گاڵتە فڕێدە
وەرە تەکیەکەم ڕیشت بەردەوە
پەژیوان بەوە لە گشت کردەوە
من شێخم مەلام سەیدم حەجم هەشت
ناڵێم پێم دەکرێ بت بەمە بەهەشت
بە بێ تۆش ناچم. شێخۆ پێ کەنی
ڕووی کردە شێخ و گوتی: ئەزبەنی
من شێخۆنادۆم نە ڕۆژوو، نە نوێژ
جارجار زوڕناژەن، گا گۆرانی بێژ
وەک خۆم حەنەک چی کەسی دیکەنین
مردووی گۆڕستان دێنمە پێکەنین
ژیان شیرینە جیهان زۆر خۆشە
بە پووش و کڵۆش خۆت دامەپۆشە
گەر بەمن دەکەی شاڵەکەت باوێ
ڕێشت بتاشە داوت پێ ناوێ
لە دەروێش گرتن پەشیمان بەوە
زوڕنایەک بکڕە و ڕەگەڵ من کەوە
فێرە زوڕنابە لای لەتۆی کوڕم
ئەو ڕاستە کوڕمە تۆش دەبیە زڕم
ناڵێم پێم دەکرێ دەوڵەمەندت کەم
بەڵام بڕیاربێ هەتا ئەمن هەم
بۆ هیچ ئاهەنگێ بەبێ تۆ ناڕۆم
لە دراوی شاباش بەشدار بە وەک خۆم
ژوانی گفتی تۆ سەد هەزار ساڵە
زوڕنای من ئێستا لەسەر هەرزاڵە