ڕێوی بەفیشاڵ

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 1 دقیقه  733 مشاهده
سەر لەبەیان تاو هەڵات
مام ڕێوی لە کون دەرهات
لە سێبەری خۆی ڕوانی
بە درێژایی و بە پانی
خۆی ئازا هاتە بەر چاو
دەستی کرد بە چاووڕاو
گوتی: وا بۆ ڕاو ئەڕۆم
هیچ نەبێت شێرێک ئەخۆم
گەلێ کردی مڵومۆ
تاڕۆژ هاتە نیوەڕۆ
سێبەر گەییە بەرسنگی
هیچی نەکەوتە چنگی
دیتی زۆری برسییە
دەیگوت: تەماح باش نییە
هەر مشکێکم دەس کەوێ
بەسمە و زگم دەسرەوێ
خەیاڵ جێی نان ناگرێ
شێر بە ڕێوی ناخورێ