کەر و گا

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  1381 مشاهده
شەوێ گا وتی بە کەر:
وەرە بمکە چارەسەر
بێ وچان و سانەوەم
پەیتا لە چرووسانەوەم
هەر وەرد و شێو بڕینە
جەرگی زەمین دڕینە
سێ گاسنە و چاندنە
ئەمجا دەبمە گای بنە
خۆ لەبەر تۆزی گێرە
چاوم پڕووش و کوێرە.
کەر وتی: خۆ نەخۆش کە
خۆت کروشمە و پەرۆش کە
ئەگەر خێو هاتە گەوەڕ
دەمت مەبە بۆ لەوەڕ
***
خێو دیتی گا ناسازە
نالەوەڕێ و لاوازە
تێگەیی فیکی کەرە
بۆ تەنبەڵی ڕێبەرە
کەری کێشایە بەر نیر
با ماندووبێ کەری پیر
تا ئێوارە بە تێڵا
زەوی ڕەقیان پێ کێڵا
هاتەوە شل و شەکەت
ها ئێستا ببێ سەکەت
گا پرسی: چۆنی کاکە؟
وتی: دڵم خەمناکە
ئەمڕۆ ئاغا دەیفەرموو
ئەگەر گا هەر نەخۆش بوو
ناچارم سەری ببڕم
گاجووتێ دیکە بکڕم
گا ڕاپەڕی زۆر لە گوڕ
ماشتی قەسەڵی ئاخوڕ
پرزە و گزرە و کا گشتی
کلکی نایە سەر پشتی
چاپک لە ڕەوت و بازا
ساغ تر لە گوێزی ئازا
گایان دەردەکردە چۆڵ
ورتەی بوو کەر لە سەرمۆڵ
لەو هەڵەوەڕیەم گەڕێم
دەش نووم و دەش لەوەڕێم
گا دەیگوت لە هێڵی شێو
چەند بەنرخە وتەی خێو
ژیان بۆ کارکردنە
تەنبەڵ بەشی مردنە