دەمەتەقەی باپیر و پیرۆت

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  706 مشاهده
ساڵی ١٩٧٤ بەعسی، گوایە بەڵێنێ خودموختاری دان بە کوردستان ئەباتە سەر بێ پرسی بارزانی و پارتی، شێست کەسی پەست و ناکەسی چڵکاوخۆری خۆی هەڵبژارد بۆچاو بەستنی ڕای گشتی. خودموختاری هەر بە ناو و پووچەڵ و بێ ئیختیاری پێ سپاردن. لەو بارەوە ئەم دەمەتەقەیەم نووسی:
ب: مام پیرۆت ڕۆژباش پ: ئەی بان سەرەکەم
ب: خێرە؟ بۆ گرژی؟ پ: لەداخ کەرەکەم
ب: کەرەکەت؟ پ: بەڵێ ب کامە؟ سوورەکە؟
ئەو پەل قەویەکەی ملەستوورەکە؟
پ: دەم خۆش، خۆیەسی ب: نەخۆش کەوتووە؟
پ: نا وەگیانی تۆ، وا دوو حەوتووە
مانی گرتووە و دەم لە کا نادا
وەدەوری دادێم هەرگوێش بانادا
تۆ ئێژی چەی بێ؟ چۆن بیکەم چارە؟
ب: وە قسەی من ئەکەی بیبە ئەو خوارە
پ: باپیر چە ئێژی؟ خوارووی بۆ چییە؟
ب: دیارە هیچ ئاگات لەدنیا نییە
ڕادیۆ ئەبیسی؟ پ: گوێم لێ گرتووە
ب: سا کەرەکەی تۆش ئەمەی بیستووە
شێست کەر لە بەغدا هەڵبژێراون
بۆ حوکمی زاتی ناودێر کراون
کەرەسووری تۆ لە وان پیرترە
بێ چاوێنی بێ زۆریش ژیرترە
ئەمان زۆربەیان جاشولکەی شینن
کەرە سووری تۆ بەعسی بی بینن
هەر بە تەزکییە ئەیکەن بە ڕەئیس
ڕزگاری ئەبێ لە پەت و گوریس
ئەوسا لە مەجلیس خۆی تێر جۆ ئەکا
ئەگەر تۆش گیریای تکات بۆ ئەکا
پ: بیسمیلا باپیر ئەوە تۆ شێت بووی!
لە کەرێ گەڕێ، ئەتوو لۆ خۆت کووی؟
کەرەسووری من چۆن ئەبێ بە جاش!
کوو جزمەی تازە ئەبێ بە کەڵاش!
بەوخوایەکەمە، ئەمە بزانێ!
ئیتر وەک دوژمن لە تۆش دەڕوانێ
کوو کەرەسووری ئاوا بە نامووس
دەچێتە بەغدا و دەبێتە مەبعووس!
ب: پیرۆت ببوورە، تۆبە، یاغنیشم
پ: باشە لێت خۆش بووین خۆم و کەریشم