بەزمی بەهار
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
2 دقیقه
1206 مشاهده
مزگێنی دا بە سروە بای بەهاری
وا هاتەوە نەورۆزی کوردەواری
بە تیشکە تێک شکا سوپای کڕێوە
هەواری ڕۆژ گەیشتە خاکەلێوە
فەرمان درا بە سەوزە سەر هەڵێنێ
چیدی لە بەندی خاکی ڕەش نەمێنێ
با دەرکەون، کوڵ و کەسەر بنێژن
با ڕۆژی ڕزگاری بکەن بە جێژن
شەماڵ، گەواڵ گەواڵ هەور بنێرێ
ئاهەنگ و بەزمی جەژنی پێ بسپێرێ
***
حیلکانەوە لەو موژدە ئاودڕ و خڕ
ڕەش بوونەوە، ڕیشی سپی چیای چڕ
چڵوو گەشایەوە و بزەی لەسەر لێو
پۆتڕاکی خۆی ڕازاندەوە بە گۆی زێو
هەور لە دەشت و شیو و پۆپە شاخان
کردی بە تۆپ تەقاندن و چراخان
مراری بێ ژماری دادەباراند
لە دار و دەر ڕووتی و نەداری تاراند
شەماڵە، گاڵەگاڵیەتی و لە کارە
هەڵگرنەو: شاباشی شای بەهارە
شینکە بە گەل، لە گڵ سەری دەرێنا
هەر یەکە چەند قل و پەلێ بە شوێنا
خڕی بەرۆک پڕن لە دەنکە باران
تازە و تەڕن بۆ کۆڕ و بەزمی یاران
نەورۆزە مشتی پڕ گەڵای تەڵایە
هەر کارگە بێ بەڵا بێ، بێ گەڵایە
ئەگەر چی ساوایە بەهار و باشە
لە چاوی بەد بەدوور بێ گیا هەراشە
بە یەک یەکە و بەکۆ لەدەشت و دەردا
وەک کیژە کورد هەمووی گوڵی لەسەردا
شالوور و بولبول سەرەڕۆی ئەوینن
هەر چاوەچاویانە گوڵان ببینن
هەر مەلە بۆ گوڵی دڵی ئەخوێنێ
هەر گوڵە بۆ دڵداری خۆی ئەنوێنێ
نەرگسی مەست لە زەردەزیڕە زیزە
بە جوانی خۆی دەنازێ، زۆر بە فیزە
وەنەوشە مل کەچە لە حاند پەپوولە
ڕێی داوە بێ وتەی مەلا و پسوولە
وا کیژ و لاویش دەچنە دەر لەدێوە
لە ڕێوە تێک دەگەن ژوانگە کێوە
گۆرمزە، مام ڕێواس و هەندرێشن
بۆ دڵتەڕان بەهانەن و لە جێشن
گۆوەند لە کەوشە، دوور لە وشکە سۆفین
دەرفەتە مەم گوشین و هەڵگڵۆفین
شادن بە یەک مەل و گوڵ و دڵ و دڵ
بەیەک ئەگەن لە بن دەوەن، لەسەرچڵ
***
هەر من لە دووری تۆ: هەژار و داماو
دەڕوانمە ڕێگەکەت بەچاوی پڕئاو
بەشم هەتا لەشم لە تۆوە دوورە
هەنیسک و هەڵمژینی ئەشکی سوورە
خشڵی گوڵان، بەژن نەمامی چاوکاڵ
وەرە دەرم خە لەو ژیانی وا تاڵ
من بولبولم لە ناڵەدا بەزاندن
گەرم و گوڕی دڵم دڵی تەزاندن
بمگەیە، خۆبنوێنە، دڵ بستێنە
بازاڕی گەرمی نازی گوڵ بشکێنە