دەمەتەقەی پیرۆت و باپیر

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  805 مشاهده
جەلال تاڵەبانیشخص و جاشەکانی گوتبوویان ئێمەش کوردین! لە باوەشی داگیرکەرانی کوردستاندا جەژنی نەورۆز ئەکەین! بەو هۆیەوە نووسراو لە ئێزگەی شۆڕشەوە بەدەنگی هەژار و دڵشاد مەسرەف خوێنرایەوە:
پ: مام باپیر ڕۆژباش ب: ئەی سەر چاوانم
پ: خاسی؟ بێ خەمی؟ ب: دەردت لە گیانم
پ: وا هاتوومە لات، هەمە پرسیارێ
ب: فەرموو مام پیرۆت، سەدجار نە جارێ
پ: خەڵک لەو خوارە هاتوون ئێژن
جاشگەلیش نەورۆز ئەیکەین بە جێژن
ئەمە یانی چی؟ سەرم سوڕماوە
ب: پیرۆت گیان، تا کەی خەیاڵت خاوە!
جەژن گرتنی ئێمە جیایە
جاش سەماکەری لەوەڕ و گیایە
تێ ئەگەی چم وت؟ پ: نە بەخوا، کاکە
بۆمی بڵێوە و بۆم یەکاڵا کە
ب: مام پیرۆت زۆر زوو ساڵێک لەساڵان
هێندێک پەت وەسەر هاتن بۆ تاڵان
زەهاک ناوێکیان سەردەستەی خێڵ بوو
دڵڕەش و پیس و خوار و بە فێڵ بوو
ئەیان وت شیمال وەکوردەواری
جاش کوردیان ئەگرت بۆ بار و سواری
کوردیان دەرئەکرد لە ماڵ و مەزرا
ڕەشی چۆڵپەرست لێ دائەمەزرا
ئەیانگوت نابێ کوردێک بمێنێ
کوردستانیان کرد بە گۆمی خوێنێ
ژن داگیر کردن مناڵ سووتاندن
تەبەک ڕفاندن، ئاژەڵ فەوتاندن
هەرچیان لەدەست هات درێغیان نەکرد
بە هەزاران کورد لە زیندانا مرد
پ: باپیر کەس نەبوو دەمیان بشکێنێ!
بۆ کوردی هەژار تۆڵە بستێنێ!
ب: بەخوا بێ سەبری، زۆر هەڵەی پیرۆت
بۆ ڕاناوێستی، تەواوی کەم بۆت
پ: وا ڕاوێستاوم، دە باپیر فەرموو
ب: خوا بۆ کوردی نارد یەکی ڕیش چەرموو
ناوی کاوە بوو، وەستا خاڵە بوو
پاڵە بوو، تەمەن حەفتا ساڵە بوو
کوتکێ گرانی نایە سەر شانی
بوو بە شۆڕشگێڕ لە کوردستانی
کوڕگەل دایە دوو، دەس لە بان خەنجەر
دوژمنیان شکاند لەم سەر تا ئەو سەر
کوردستان ببووە گۆڕ بۆ دوژمنی
کاوە بە کوتکێ زەهاکی جنی
پ: ئای دەسخۆش کاوە قوربانی کوڕم
خوێشم لە کوێ بووم، ورگی بدڕم!
ب: پیرۆت گوێ بگرە پ: دڵم لە لاتە
ب: کاتێ دامریا، ئەم کارەساتە
سەرەتای مانگی خاکەلێوە بوو
موژدەی ئازادیی کوردی پێوە بوو
ئیتر لەوساوە لە کوردەواری
جەژنە بۆ یادی ڕۆژی ڕزگاری
پ: هەر بژی باپیر، زۆرزانی بەخوا
دەیسا پێم بێژە جاشک چ دەخوا؟
نەورۆز وا جێژنی شۆڕشگێڕییە
چ دەخڵی وەسەر جاشکی خوێڕییە؟
ب: ها، وتمان فەسڵ فەسڵی بەهار بوو
نزیک نیسان و دواییی ئازار بوو
فەسڵی بەهاریش لە هەموو جێیە
موژدەی لەوەڕی بۆ جاشگەل پێیە
پرزەی ئاخوڕ و کای زەرد نامێنێ
زەوی لە گش لا قەرسیل دەڕوێنێ
مەسەلێک هەیە دەڵێن: تۆ بێژە
پ: بەهار بەهەشتی نێرە گوێرێژە
ب: بەڵێ بۆ جاشگەل جەژنی لەوەڕە
کلک با ئەدەن لەناو سێوەڕە
تێر ئەزەڕێنن وەزمان داگیرکەر
بۆ دوژمنی کورد ئەبنە بارەبەر
پ: ئەرێ مام باپیر، جاش بۆ وا کەرە؟
ب: ئەم پرسە بۆ جاش شێست و شەش بەرە
یان لە مامۆستا عەونی پرسیارکە
بێژە بۆ جوابم تۆزێک گوێ لارکە
تا بڵێ جەنابت «مقیاس نەماوە»
جاشەتی کردن لە ڕێی دراوە
وەتەن و نامووس لای جاش پارەیە
چیتر نازانێ ئەو بێچارەیە
پ: بەخوا، ڕاست ئێژی، جاش بەسەزمانن
دەستەی خۆفرۆش ڕوو لە نەمانن
خوا ڕوویان ڕەش کا وەک ڕوویان ڕەشە
کورد ئەوانەی هەن بۆیە بێ بەشە
ب: پیرۆت خەم مەخۆ، هیچ باکت نەبێ
لە هەموو چەمێک چەقەڵ هەر ئەبێ
پێشمەرگە خۆش بێ، شۆڕش بە هێزە
کاری لێ ناکا، زەڕینی دێزە
پ: خۆیشم مام باپیر خەنجەرێ ئەکڕم
تووشی جاشک بم کلک و گوێی ئەبڕم