شیرن بەهارە

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  840 مشاهده
برایم ئەحمەدی محامی کە بە بلەی ئەحەڕەش مەنشوورە، مامۆستای جاشکەکانی شێست و شەشە و جارێک شینە و تاوێک سوورە و لە نیشتمانفرۆشیدا دەستی هەموو خاینانی لە تەختە بەستووە و بەدار لە پشتدانی بێگانان قاچی کوردی گەستووە. بە لاوەتی کە هەوای پیاوەتی لەسەری دابوو شیعرێکی لە ژێر ناوی «شیرن بەهارە»دا هۆندۆتەوە کە زۆر شیعری چاکە و جێگەی خۆی کردۆتەوە، بەڵام لە دوای ئەو، کە فێری بێگانەپەرستی و ژیانی پەستی بووە زۆر جاری فەرمووە «شاعیر بێ بارن!» چونکە خۆی باری پێشووی هەڵوەشاند و پاشووی جووتەی ئەوەشاند، لەوەتا بووە بە جاش قەریحەی مبارەکی هەر لە دەوری ئارەزووی بێگانان دەگەڕێ و بە بلوێری دوژمنانی کوردستان هەڵدەپەڕێ. شیعری بۆ نایە کە شیرن بەهارەکەی پێشووی بشواتەوە. وا من بە خێری خۆم بە گوێرەی باری ئەمڕۆی بۆم گۆڕیوە:
شیرن بەهارە، بەهاری شادان
خۆشە مەیخانە و بابۆڵە بادان
تازەم زانیوە پارەی زۆر تێدا
گەل فرۆشتن و لە ڕێگە لادان
***
شیرن بۆت بکەم باسی جوانیم
خۆم لە کورد گۆڕی هەتا توانیم
ئێستە نانخۆری دەستی بێگانەم
جارێک بەغدایی، ڕۆژێک تارانیم
***
شیرن بتدیبام لە «کافەی شمشاد»
چۆنم ڕا ئەبوارد سەرخۆش و دڵشاد
نیشتمانم دا بە ویسکی و کۆنیاک
گوێ نادەم بە کەس، هەرچی باداباد
***
شیرن، لە بەغدامکان دەگەڵ منا بی
سەرخۆش ڕابوێرین لە «حەموڕابی»
ئەوسا تێ ئەگەی ژیان چەند خۆشە
عەقڵت دێتە سەر، ئیتر کورد نابی
***
شیرن لە تاران قەسر و سەییارە
دێمەوە بەغدا، دینار هەزارە
چیم لەنان و دۆی پێشمەرگایەتی
کێ لە کێو دەژی ڕەنجی خەسارە
***
بژی بۆ پارە، مەمرە بۆ ژیان
هەر مەڵێ کوردم تا نەکەی زیان
لە خشەی دینار دڵت نەلەرزێ
لەزەت بۆ لەشە نەوەک بۆ گیان
***
شیرن بۆت بڵێم باسی نیهانیم
بە بێ هودە چوو ژیانی جوانیم
من و کوردستان کوجا مەرحەبا
بەڵام داخەکەم، بە پیری زانیم!
***
شیرن، حاکم بووم دەستدار و توانا
خۆشی لە دڵا، زێڕ لە گیرفانا
بە هەوای کورسی کوردایەتیم کرد
بۆ ڕیش ئەگەڕام سمێڵم دانا
***
شیرن تۆبە بێ لەمە بەولاوە
کورد و کوردستان ئەنێمە لاوە
کێ بڵێ کوردم ئەیدەم بە گرتن
ئازادیخوازی خەیاڵی خاوە