دەمەتەقەی پیرۆت و باپیر

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  792 مشاهده
حیزبی بەعث لە سووریا ئینقلابیان لەسەر یەکتر کرد و تێک بەربوون و ببووە شەڕە سەگ، ئەمەم لەسەر نووسین، بەڵام بڵاو نەکرایەوە:
پ: باپیر تۆ لە کوێی؟ ڕادیۆنت بێنە
ئەڵێ لە شاما کوشتار و خوێنە
ب: دەی دەی، مام پیرۆت پێی ناوێ پەلە
بەعسی تێک بەربوون شەڕی سەگەلە
یەکتری ئەدڕن لە مشت و مڕا
عەفلەقی باوکیان فڵقەی لێ بڕا
پ: عەفلەق کامەیە! ب: ئەو فەلەی پێرار
موشیر عارفی کردە سەر کۆمار
پ: بەڵێ ڕاست ئەکەی کە وابێ باپیر
چیدی لە بەعسی ناترسێ موشیر
ب: تەڕی تێ ناگەی! چاتر ترساوە
دەسنوێژ ڕاناگرێ و پزووی پساوە
ئەمانەی ئێستا لە شام سەرکەوتوون
بۆ سەگ خنکاندن لە کڵ دەرکەوتوون
موشیر فیتەی خۆی زۆر باش ناسیوە
پاشووی گیرۆدەی تەڵەی تەقیوە
ئەزانێ بەعسی چەن شڕو دڕن
ڕاویان بۆ ئەوە و کەوڵی ئەکڕن
پ: مام پیرۆت نەمگوت کورد وەجاغ زادەن
کێ دەستیان لێدا نەجاتی نادەن
ئەوانەی قاچی کوردانیان ئەگەست
وەک سەگە خوێڕی، لێک هاتوونە دەست
لەو سەگ سەگێنە جاشک چی ئەڵێن
ب: گوێ ئەبزوێنن خەریکن هەڵێن
موشیری باوکیان ئەوە حاڵی بێ
جاش چۆن ئەوێرێ خڕەی ناڵی بێ
نەقیزە زۆرە و کاو و جۆ کەمە
تا بەهار دادێ ژینیان حەستەمە
پ: خۆ من کام زۆرە لە موشیر بەر بن
با بێنە لای خۆم بەس کوڕی کەر بن