دەمەتەقەی پیرۆت و باپیر

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  813 مشاهده
موشیر عارف خوا جەزای کردەوەی خۆی بداتەوە هەمیشە خۆی وا نیشان ئەدا کە موسوڵمانی چاکە و بە بێ مناسبە ئایەتی قورعانی دەخوێندەوە. لەو بارەوە ئەمەم نووسیوە:
پ: تووڕەت ئەبینم، خێرە مام باپیر؟
ب: پیرۆت زۆر قەڵسم لەداخی موشیر
پ: موشیر یانی چی؟ ب: یانی مل هوڕێ
ڕووڕەش و دەسبڕ وەک قەل ئەقڕێ
پ: چی ئێژێ؟ ب: ئێژێ من موسوڵمانم
حاجیم، نوێژکەرم، لە دین ئەزانم
ئایەت ئەخوێنێ خوێناو هەڵێنێ
ساوا ئەکوژێ و گوند ئەسووتێنێ
مەلا و مزگەوت بەر بۆمبا ئەدا
چی خوا پێی خۆشە خۆی لێ لا ئەدا
پ: فێڵ لە خوا ئەکا؟ ب: نەخێر لە من و تۆ
دز بەشەو دزە، ئەم بە نیوەڕۆ
پ: ئای لەو مەلعوونە لەو بێ ویژدانە
دەک بە گژیا چێ خوای ئەو قورعانە
ب: پیرۆت گیان گەرەک خۆمان ئازا بین
بچین بە گژیا و بە تەمای خوا بین
پ: سا پەنا بەخوا سەکەتی ئەکەین
هەرچی دەسبڕ بێ لە ناوی ئەبەین
حاجی جاشیش هەن بۆ وان چە ئێژی!
ب: بەخوا پیرۆت گیان ساویلکە و گێژی
کەر بە چوونی حەج چۆن ئەبنە حاجی
هەزار جار بیشۆی هەر پیسە تاجی
کەسێک ببێتە داردەستی زۆردار
نامووس و خزمی بدا بە دینار
حەجی لە کوێ بوو؟ نوێژ و ڕۆژووی کوا!
پ: بەخوا ڕوو ڕەشن، ئەی پەنا بەخوا!
مەلاش ئەیفەرموو جاش بتۆپێنن
خەزایە و خێرە دەس دامەنوێنن
وا خەنجەر دێنم بۆ عەسکەر دڕین
ب: نەقیزەش بێنە بۆ جاش لێخوڕین