جاش و باش

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  1658 مشاهده
ئەم دەمەتەقەیە لەسەر ڕادیۆی شۆڕش بە دوو قۆڵی وەک نومایشنامە خوێندرایەوە:
ماندوو نەبی کابرای ڕێبوار
قەزات لە گیانم هەزار جار
ناوەکەت بفەرمووی باشە
دوور لە ڕووتان ناوم جاشە
جاش؟ هەر ئەو جاشی کوڕی کەر
بە کلک و بە گوێ و بارەبەر؟
قوربان من کوردم بوومە جاش
سمم خستۆتە ناو کەڵاش
ئاگام لە جاشی کورد نییە
باشە، کاروبارت چییە؟
من کوردم، وەک دێتە بیرم
کوردیش بوون باب و باپیرم
پەروەردەی چیا و کوێستانم
کوردیش نەبێ، هیچ نازانم
ڕۆژێ ئاغا فەرمووی حەمە
وەک بزانم نانت کەمە
وەرە بتنووسم بە فورسان
ئیتر ناناڵی لە برسان
تفەنگم نایە سەر شانم
جاشکم و ئەڵێم فورسانم
سێزدە دینارم ئەدەنێ
شەو و ڕۆژ وام لە بەندەنێ
لەگەڵ پێشمەرگە ئەجەنگم
لە ترسانا زەردە ڕەنگم
عارەبێک خوێنتاڵی چەپەڵ
زمانپیس و خوێڕی و دەغەڵ
بە کوردستان ئەڵێ شیمال
لە شوێنمە بە تەعال تەعال
بە عارەبی پێمان ئەڵێ
ئەیکوژم کێ لە شەڕ هەڵێ
خۆشی ناوێرێ بێتە پێش
ڕۆحی ئەچێ لە وزەی مێش
من ئەبێ چ بێ تەگبیرم
لەناو دوو ئاگرا گیرم
ئەچمە پێش، مردنم بەشە
پاشم عارەبی ڕووڕەشە
***
تۆ کە لەسەر دنیا جاشی
دیارە ڕووڕەشی ئەو لاشی
دەتۆپی وەک تۆپینی کەر
فریشتەی خودات دێنە سەر
چیت لایە بۆ «مەڕنەمووکە؟»
سێزدە دینار و ڕبووکە!
لات وایە بەهەشت بۆ تۆ بێ؟
ئەگەر پڕ لە کا و جۆ بێ
بەڵێ ئێستا تێت گەیشتم
دوژمن و بڕبڕەی پشتم
نازانی جاشی قوڕبەسەر
گەورەش ببی ئەبی بە کەر!
خۆت حەز ناکەی ڕزگارت بێ
پێت خۆشە دوژمن سوارت بێ
دوژمنی نیشتمانەکەت
کلۆی ڕەز و بێستانەکەت
ئەیەوێ لەناو بچین گشت
بە یەکترمان ئەدا بە کوشت
تۆی ناوێ و بە منیش ناوێرێ
ئەتگرێ و بۆ منت ئەنێرێ
من و تۆ بەگژ یەکا چین
هەرتک لە کوردستان لاچین
مار بە دەستی دوژمن ئەگرێ
قازانجە هەر لایەک بمرێ
دین و نامووست لێ ئەکڕێ
خۆت بە دەستی خۆت سەر ئەبڕێ
بەو فێڵە کورد بفەوتێنێ
کوردستان بۆ خۆی بمێنێ
تا کەی دەسخەڕۆی ڕەنجەڕۆ
کورتانت باوێژە و بڕۆ
بڵێ ئاغا تف لە چارەت
لەعنەت لە خۆت و لە پارەت
من نامووس و نیشتمانم
خۆشتر ئەوێ لە گیرفانم
نامەوێ ئەم نان و بەرگە
ئەچم ئەبم بە پێشمەرگە
ڕێی پیاوەتی و شەرەف ئەگرم
لەسەر کوردایەتیی ئەمرم
بمرم لەگەڵ کوردی برام
شادی و بەختەوەرییە لەلام
کوردستانی خۆم ڕزگار بێ
کوڕی کوردی دەس بە کار بێ
خێر و بەهرەی وڵاتی خۆم
دوژمن نەیبات و خۆم بیخۆم
مناڵم کوردی بخوێنێ
حاکم بە کوردی بمدوێنێ
دوکتۆری کورد دەرمانم کا
کورد بیری نان و لانم کا
ئەوسا سەربەرز و دڵخۆشم
زۆری خۆم بە کەم نافرۆشم
جاش ڕووڕەشی خەڵک و خوایە
کاکە هەرچی وتت وایە
زۆر نەزان بووم، تێتگەیاندم
لە خەوا بووم، ڕاتپەڕاندم
بەڵام ئەوا گریمان کرد
دەسم بەردا و بوومەوە کورد
خەڵک هەر پێم ئەڵێن جاشی؟
نا، پێت ئەڵێن کوڕی باشی
دە بەخوا چیت وت وا ئەکەم
تفەنگ ئەڕفێنم و ڕائەکەم
هەر عارەبێ بێتە پێشم
دایکەکەی لە کەر ئەکێشم
هەر جاشێکی بێتە بەرم
ئەیتەزێنێ گوللەی گەرم
وا پێک هاتین
وا پێک هاتین
هەردووک: هەموو کورد و یەک ئاواتین
کوردستان ماڵی کوردانە
با لێی دەرکەون بێگانە