مارمێلکە نیم

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  1304 مشاهده
عیسا شاوی ئەفسەرێکی عەرەب، بەموشیر عەبدولسەلام عارفی گوت چیای سەفینت پێشکێش دەکەم بە دیاری. لە جوابی ئەودا نووسیومە. لە خەباتی مانگی خەرمانانی ١٩٦٥ دا بڵاو بۆتەوە:
چیای کورد بۆ دیاری نابێ شاوی
دەمت دەشکێنێ گەر بەردم بجاوی
نە خورمایە و نە وشترخانە کێوم
وڵاتم کوردستانە و کوردە نێوم
ئەگەر نامناسی بڕوانە لە مێژوو
بزانە و فێر بە کورد چۆنە و چلۆن بوو!
بەری تۆش ڕۆژێ پانیپاڵی ئاشۆر
چیای کوردانی بۆ ڕێوی ئەکرد مۆر
لە پێش تۆ گەزنەفۆن ڕووی کردە خاکم
وەکوو داڵاش دەسووڕا بۆ کەلاکم
گەلێک تەیموور و چەنگیز و هۆلاکۆ
لە دەشتم تێ پەڕین وەک وشتری تۆ
گەلێک پێ خواس و بێ دەرپێ و ڕەشوڕووت
بە نانم سەردەمێکی چاوی پشکووت
بەڵام من کوردم و کوردیش ئەمێنم
لە زۆردار یەک بەسەد تۆڵەم دەسێنم
لە کۆن و نوێ و درەنگ و زووت بپرسە
دەزانی خەنجەری من زۆر بەترسە
کە من نەمگرتبا پێشی سەڵیبی
لە نەنکت پرسە دەبوا ئێستە چی بی!
لە گۆڕستانی بێگانان بنۆڕی
کە لامن بیری پووچی خۆت ئەگۆڕی
لە بیرت دەرچوو بەردی قارەمانم
لە خوێنا سوورە دەشتی بازیانم
لە بەرزانا دەزانی چت بەسەر هات!
لە هەورازم دەتۆپێ هەرچی کەر هات
ببینە هەڵمەتی پێشمەرگەکانم
حەسار و شوورە پۆڵای نیشتمانم
سەراپا مەرگی سووری لێ دەبارێ
دەبۆم ڕاوەستە تۆ چت دیوە جارێ
ئەبێ تێر کەم لە گۆشتت گورگ و ڕێوی
بە بەرمیل خوێنی سەربازت بپێوی
لە ترسان قووڵە مشکت پێ دەکەم تەنگ
بە پیوی تۆ لە تیخم لادەبەم ژەنگ
زگێکی ماڵی کوردی تێوە چووبێ
دەبێ بۆ نووکی نێزەم ڕووبەڕوو بێ
سەرێ وەک تۆ کە فێری گوێ لەقان بێ
لەمەیدانا دەبێ گۆی بەر شەقان بێ
ئەبێ ئەو زارە کێوی من دەبەخشێ
بەخوێنی ئاڵ و دانی کەل بنەخشێ
ئەبێ ئەو مێشکە پیسەت تێ گەیێنم
کە خورما نیم، پڵنگی لەش بەخوێنم
ئەمن مارمێلکە نیم، حەزیای کەژ و کۆم
خەیاڵت خاوە من کەی خواردنی تۆم!
«سەفینمکان» قووت ناچێ بۆ پێخواسی ئاغات
لە بەغدا نەبووە قازی کەر بە ئاوات