کاوەی مەزن
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
4 دقیقه
1060 مشاهده
نەورۆزی ساڵی ١٩٦٣ کۆبوونەوەی سەرانی شۆڕش لە شاری کۆیەمکان بوو، لە ئاهەنگی جێژنی نەورۆزدا ئەم شیعرەم خوێندەوە:
جێژنی سەرساڵ کە نەورۆزە
زۆر لە ناو کوردا پیرۆزە
جێژنی کۆنە و بۆمان ماوە
بۆی داڕژتین کوتکی کاوە
مێشک خۆری کوردی مراند
ئاڵای لەسەر گۆڕی چەقاند
ئاڵای کاوەی کورد هەڵ کرا
ئەو ڕۆژە بە نوێ نێو نرا
***
هەزاران ساڵ تێ پەڕیوە
کوردیش نەورۆزی زۆر دیوە
هەر کاتێ خاکی کوردستان
ڕزگار دەبوو لە چنگ زستان
پۆلوو دەکەوتن یەک و دوو
موژدەی شەماڵی پێوە بوو
بای وادە لە دەشت و کاوان
بەفر و سەهۆڵی دەتاوان
دەیگرماند هەوری بەهاری
بە لێزمە باران دەباری
پووش و لیتەی ڕادەماڵی
کۆنە بەرگی دادەماڵی
دەشت و دەر دەبوو سەوزە پۆش
پڕ گوڵی خۆش ڕەنگ و بۆن خۆش
کیژ و کوڕ دەردەچوونە چۆڵ
بۆ سەمای بە زوڕنا و دەهۆڵ
***
بەڵام ئەوا یەک دوو ساڵە
بێ جەژن و ژیانمان تاڵە
نەورۆزمان وای خۆ گۆڕیبوو
قەت کەس شتی وای نەدیبوو
عەرەب حەزیای خواردنمان بوو
داواکاری مردنمان بوو
لەسەر خاکی کوردەواری
ڕەش و پاپەتی داباری
دەس کرا بە خوێن ڕژتنمان
بە منداڵ و ژن کوشتنمان
خەڵات بوون شەق و دار و مست
ساوایان دەئاگر دەخست
قیژە و هاواری کیژە کورد
بێ نامووس، نامووسیان دەبرد
ئاغا و ڕیش سپی و مەلامان
کێی زۆر بەنرخن لە لامان
دەست بەند لە دەست و دەم بەخوێن
دەدرانە بەر پلار و جوێن
فڕۆکەی مێگ و ئەلیوشن
هەژدیهان خوێن هەڵ دەلووشن
گرمەیان لە هەوران زۆرتر
لە هەموو وەحشان پیاوخۆرتر
بۆمبای ناپاڵمیان دەباراند
گیانیان لە لەشمان دەتاراند
دیارییەک بوون لە کرێکاران
بۆ ماڵ و مەزرای هەژاران
چەک، چەکی ئاشتی خوازی بوو
لە کوشتن بێ جیاوازی بوو
بەرتۆپی پێنج پێنج و شەستیر
دەدرا ساوا و جوان و پیر
هەوری چڵکنی زۆرداری
بەتاو مەرگی لێ دەباری
زۆر ئیقلیم گیربوو لەو ناوە
خوا کردی و ڕاپەڕی کاوە
***
کاوەی مەزنمان بارزانی
کاوەی پێشوو بە قوربانی
بزووت بای وادەی ئاواتمان
گەرم بوو کۆڕی خەباتمان
پێشمەرگە خاوەن سەردارە
ژین لە دوژمن ژەهری مارە
سەتیان هەڵدێن لەبەر کوردێ
وەک دەڵێن «سەد قەل و بەردێ»
جاش کلکی لێ بوو بە ئاڵا
سم و یاڵی لێک دەهاڵا
عارەب کەوتە یومحە و ڕۆڕۆ
کاکە مەمکوژە و چەک بۆ تۆ
با هەر بێن مێگ و ئەلیوشن
بۆ لاوی بارزانی پووشن
بە گۆپاڵ ڕەشاش دەستێنن
بە بەرد زرێپۆش دەشکێنن
کوڕگەل چەک وەگوێزن بەکۆ
کەڵاشینکۆ و خرۆشینکۆ
تا سەردارمان بارزانییە
ترسێک لە ئارادا نییە
***
لە هەژارت کەوێ کاکە
باپێت بنازێ ئەم خاکە
ئابڕووی کوردت کڕییەوە
دەستی زۆردارت بڕیەوە
ناوی مەش بەهۆی خۆتەوە
لە دنیا بەرز بۆتەوە
هێزی دەست و تفەنگی تۆ
هەیبەت و زەبروزەنگی تۆ
پاپەتی لە ترسان مردن
جەهەندەمی لێ پڕ کردن
جێفڕکی لە جاشان بڕی
نامووس فرۆش مەرگیان کڕی
***
لەو جێی بە بۆمبا سوتاون
کەلاکە دوژمن نێژراون
لاشی دوژمنی کوردستان
پەینن بۆ ناو باغ و بێستان
شینکە باشتر سەر دەردێنێ
زەوی باشتر گوڵ دەڕوێنێ
وا بۆت نیزیک کردین بەهار
دەستم دامێنت هەزار جار
هەورازێکمان لەبەر ماوە
لەو دیو خۆشی و تاو و ساوە
پێشمان کەوە لەو ڕێبازەش
وەسەرمان خە لەم هەورازەش
تا کورد ژێر چەپۆکە مابێ
ئاسودەیی بۆ تۆ نابێ
هەموو کورد چاوی لە تۆیە
هەر تۆی هەبێ سەربەخۆیە
دەرمان بێنە لە هەژاری
بمان خە سەر ڕێی ڕزگاری