قولە ڕەش
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1038 مشاهده
قولەڕەشێک بوو بە پاڵەوانی
کەس نەیئەوێڕا شان بات لە شانی
لە ڕۆژی شەڕا بچوایە مەیدان
تیپێک لەشکری ئەخست بەبێ گیان
بە سەر ڕۆستەمی زاڵا زاڵ ئەبوو
دوشمن بە نەعرەی ژینی تاڵ ئەبوو
بەڵام خوویەکی زۆر بێ مەعنای بوو
لێیان نەدایە بۆ شەڕ نەدەچوو
ئەبوایە چل کەس لێی دایە ئەوسا
لە پاش چل کەسە قینی هەڵئەسا
ڕۆژێک قەومەکەی دوشمن دەوری دا
هیچکەسی ساغیان نەما لە دێدا
هاواریان بۆ برد، کەوتبوو بە دەما
وتیان: هەی نامەرد، وا کەسمان نەما
وتی: بێ کەڵکە، نەکەوتوومە قین
مەگەر چل دارم پیاکێشن بە تین
پیرەمێردێکی لێ چووە پێشێ
پێی وت: جێی چلەی پارت ئەیەشێ
کەوتەوە بیری پار چیان لێ کرد
خۆی گیف کردەوە هەستا دەستوبرد
دەستی دایە شیر ڕووی کردە دوشمن
ڕەگی زیندەگی دەرکێشا لە بن
قول قینی هەستێ دوشمن پەست ئەکا
بەڵام کەی بۆکەی گۆبەنگ خەست ئەکا