تۆڵە

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  692 مشاهده
شاکە مڵۆزم، تەمەڵ و بێکار
ئەسووڕایەوە لە کۆڵانی شار
ئەوڵای عەزیزئاغا ڕۆژێک تووشی هات
وتی: مەگەڕێ بچۆرە بەر سنعات
وتی: ئاغا من سنعەت نازانم
ئەگەر کەرم بێ کاروان ئەتوانم
ئاغا ئەمری کرد کەرێکیان دایە
دارکێشی ئەکرد کەوتە سەرمایە
کورتانی تازەی بۆ کەری کڕی
بارە دارێکی لێ نا و لێی خوڕی
گەییە دووکانی ساماغای دەلاک
ئەم ساماغایە پیاوێک بوو بێ باک
بە سەرتاشێتی لە شای ئەخوڕی
دەستی غەشیم و ناشی ئەبڕی
دەلاک بانگی کرد خاوەن بارەدار
بیفرۆشە بە من مەیبەرە بازاڕ
کەرەکەت هەرچی پێوەیە بە چەند
مەرامی وابوو بیکا بە گۆبەند
شاکە وایزانی تەنها دار ئەکڕێ
نەیزانی بە فێڵ هەناوی ئەبڕێ
وتی: بارەکەم ئەدەم بە قڕانێ
وتی: قبووڵمە، پارەکەی هانێ
کە بارەکەی خست تەمای بوو بڕوا
ملی کەری گرت گێڕایەوە دوا
وتی: من وتم هەرچی پێوەیە
دیارە کورتانیش بە کەرەوەیە
کورتانی لێ سەند شاکە بە هەرا
ڕایکرد بۆ شکات گەیشتە سەرا
سەرتاپای گرتە قوڕ و بەگریان
هاواری بردە لای پاشای بەبان
دەلاکیان بانگ کرد بۆ خزمەت پاشا
وتی: ئەم پیاوە کەوتۆتە حاشا
کەر چی پیوەیە هەمووم کڕیوە
لەگەڵ کورتانا نرخم بڕیوە
بەو ڕەنگە شاکە بە بێ بەش دەرچوو
ئەویش کەوتە فێڵ بەیانییەک زوو
کەرەکەی برد و چووە لای دەلاک
وتی: پارەیان داومێ بە پیتاک
خۆم و هاوڕێکەم سەرمان بتاشە
وتی: هەردووکتان سێ «شاییشایی جۆرە پارەیەکی کۆنە» باشە
سێ شایی دایە و خۆی لێ بووەوە
کەرەکەی هێنا و کردیە ژوورەوە
وتی: هاوڕێکەم ئەمەیە یاڵڵا
بیتاشە، دەلاک کردی بە هەللا
چوونە لای پاشا دیسان بۆ شکات
پاشا ئەمەی بیست پێکەنینی هات
ئەمری کرد دەلاک بە سابوون و ئاو
سەرتاپای گوێدرێژ بتاشێت تەواو
دەلاک کورتانی کەری لێ کرا
شاکەش خەڵاتی قورسی پێ درا