ئەو عەشقە

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  914 مشاهده
ئەو عەشقەی لەگەڵ جنسی بەشەرە
بە هەوای نەفسە دوایی بە شەڕە
خۆشەویستی خوا کە بە گیان بەندە
وەک شەراب هەتا کۆن بێ پەسەندە
ئەو سەرمەستییەی کە لە ڕۆحا بێ
دڵ ئاوا ئەکا هەرچەند ڕووخابێ
کە یادی خودا هاتە دڵەوە
بە سۆز و ناڵە و جۆش و کوڵەوە
ژەنگی دڵ لەگەڵ فرمێسکی چاوا
پاک ئەکاتەوە و ئەیدا بە ئاوا
دڵ پاک بێتەوە و ژەنگی نەمێنێ
عەرشی کردگار یەکسەر ئەبینێ
های لەو خۆشییە و لەو لیقای خوایە
سەڵتەنەتێکی ئەوتۆی تێدایە
شاهـ بە سەپانی خۆی ڕاناگرێ
ئەم ڕووی زەمینە بە فلسێک ناکڕێ
ئەنجا با خاوەن پایەی جیهانی
بتوانێ شانێک بدا لە شانی
ئەوانەی کەوا بە مەسنەد بایین
لەگەڵ «چەرخ» گۆڕا گشت «چەرخی» بایین
خوایە شوکرانەی تۆ تەواو ناکەم
لە سایەی تۆوە من ئەو بێ باکەم
کە ئەم فەلەکە پێی دەڵێم وەلەک
شەکری چاییشم بووە بە «بەلەک»
هەر لە ژوورەوەم هاوین و زستان
هەرچی ئازایە بۆم بێتە مەیدان
جلی هاوینەم گۆڕی زستانە
ئەویش هی خەڵکە وا پێنج ساڵانە
زۆر جل و بەرگی تازە ئەبینی
لەشی لەشپیسی تێدا نەهێنی
کە مەرگ ئەو بەرگەی لێ ئەکاتەوە
«تاتەشۆر» لەشی پاک ئەکاتەوە