دیسان ناڵەی پیری پیران

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  825 مشاهده
خوایە من زۆر جار دێمە سەر ئەوە
ئەوەی ئەیبینم پێی بڵێم خەوە
هەموو کردەوەی تۆ عەدالەتە
هەموو دەورێکیش زاڵم ئالەتە!
تا یەکێک نەدەی بە کوشت بەوی تر
کەس کورسی جاهی بۆ نابێ ئیتر
تا لەقە نەدات بە دارا یەکێ
توو بۆ ئەوانەی ژێر دار ناتەکێ
بە دیمەن ئەمە عەدالەت نییە
بەڵام بە مەعنا کەچ دیدەنییە
ئێمە تێناگەین لە ئەسراری غەیب
هەر خۆت ئەیزانی حاکمی بێ عەیب
غەیری تۆ حاکم کێیە دایم بێ
تا ئەبەد لە شوێن خۆیدا قایم بێ؟
هەموو حاکمێک تابعی ئەمرن
یا عەزل دەکرێن یا هەموو دەمرن
کەس لە تۆ ناکا و، تۆ لە کەس ناکەی
ئەو خوداوەندە گەورە و بێ باکەی
ئەزەلییەتت سەرەتای نییە
ئەبەدییەتت مونتەهای نییە
شوێن ئەزەل کەوتین هەر سەربەرەوژوور
گەردی ڕێگەشمان نەئەدی لە نوور
گەڕاینەوە سەر ئەبەد سەرەوخوار
لە ڕێدا گووم بوین کەوتینە هاوار
داد لە دەست سڕی عیلمی ئیبتدا
بێداد لە ڕشتەی توولی مونتەها
کەوابوو ئێمە ڕەخنەی چی بگرین
ئێمە نازانین خۆمان کەی ئەمرین
کە زیندەگیمان بە ئەمری تۆ بێ
پیشەمان بۆچی هەر چڵ و چۆ بێ
لوتف دەربارەی خراپ بنوێنی
ماڵی هەژاری پێ بڕووخێنی
ئەگەر بێت کەسێک بڵێ: چی دەکەی؟
بە زاڵم دەڵێی: تێیهەڵدە سا دەی
ماڵ، ماڵی خۆتە و بەندە، بەندەی خۆت
چی دەکەی بیکە خۆ وا لواوە بۆت
«لا يسألعربی» بووە بە قفڵی دەممان
هەڵدەکەین لەگەڵ شعوری کەممان
پیرێژن ئەڵێت: خوا خەتاپۆشە
هەرچی لای خواوە بێ پێمان خۆشە