بە ناوی «شێخ ئەبولوەفای کوردی» یەوە وتوویەتی

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  569 مشاهده
هێند لە دووری تۆ بەکوڵ دیدەیی خوێنبار گریا
بەردی ڕەق شەق بوو، تەقەی هات و بە هاوار گریا
ئاسمانیش لە شەفەق گریەیی خوێنینی هەڵڕشت
هێند بەسەر ڕۆژی ڕەشمدا کە شەوی تار گریا
شەوی دووریت کە ئەجەلم هاتە سەر و نەیکوشتم
تا بەیانی ئەویش بۆ جەستەیی بیمار گریا
هەور بە سەر باغی گوڵی بەختی منا تێدەپەڕی
بەزەیی هاتەوە وا وشکە، بەناچار گریا
ڕێزە دانی تۆ، شەوێک هاتە خەیاڵی من بۆیە
چاو بە فرمێسکی وەکوو گەوهەری شەهوار گریا
خیتتەیی میسری موحەببەت کە بە وەفا ئاوایە
چاوی من چاوەیی نیلە، وەکوو جۆبار گریا
دڵی بێچارە لە دەست جەور و جەفای ماهڕوان
قەبری دەروێشی دی وەک گۆلی زرێبار گریا
کە نەما نووری «نەقشبەندی» لە ناو هەورامانا
پیری هاواری لەسەر لووتکەیی «هاوار» گریا
«قەرەداغ» ێکە غەمی دڵ بە خەراپی قەرەداغ
کە بۆ «تیمار» ی برینداری کە تیمار گریا
ئەم هەموو دەردە گرانە کە لە دەست یار کێشام
ناڵەیێکم نەبوو بۆ وەفا کە وەختێ یار گریا