بەیتی ترخێنە

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 3 دقیقه  903 مشاهده
ساڵ و عەیامان کە ئەتوت: زستان
ئەبوو بە بەفر و زوقم و ڕێبەندان
کە بەفر ئەباری تا پشتێنەی پیاو
نە ئەتوایەوە بە تینی هەتاو
دەر و ژوور بیست ڕۆژ ڕێگا ئەبڕا
مەل و جانەوەر ئەچوو بە قڕا
کەو و کۆتر و داڵ ئەڕژانە شار
لە بیرمە کەوم ئەگرت جار بە جار
ئای لەو خۆشییە کە لە ناو بەفرا
کەوم ئەگرت و ئەمکرد بە هەرا
گۆشت و دارو و ماست ئێجگار قات ئەبوو
بەشەو ئەم شارە کش و مات ئەبوو
هاوین زەخیرەی زستانیان ئەخست
ماڵی تفاقیان ئەهاتە نوشوست
قاورمە لەجێی گۆشت دائەنرا
بە کەشک تامەزرۆی دۆکوڵیو ئەدرا
بە لەتکەهەرمێ دەم تەڕ ئەبووەوە
بە خۆشاو ترێ لە بیر ئەچووەوە
گەڵامێوی وشک بۆ یاپراخ نەبوو
بۆ خەنەی بووک بوو کە ئەدرا بە شوو
دۆینەی بەیانیان چەند مزر و خۆشە
بە کەوچکی دار تێر هەڵیلوشە
ئەنجا لە باتی سەوزە و میوەی تەڕ
شێلمی ترخێنە خۆی ئەخستە گەڕ
وا هاتینە سەر بەیتی ترخێنە
کە ترخێنە هات هەڵیقوڕێنە
یەکەم «حسنعربی» ە دوو «سیّئەعربی» یە
لە ناو عەرەبدا دوو بدعە هەیە
بۆ عەنعەنەی کورد ترخێنە و ئێستە
بڵێ «سیّئەعربی» هیچ لێی مەوەستە
چونکە ئێستاکە بە چلەی زستان
هەموو سەوزەیەک دێتە بەر دەستتان
لە باتی شێلم، سڵق و سپیناخ
لەگەڵ «ئەنکەناز» بیکە بە یاپراخ
هەمیشە گۆشتی تازە و ماست حازر
کەشک و قاورمە چی لێ بکەم ئیتر
کە خوا فەرموویە: «لحماً طريهعربی»
دیارە گۆشتی وشک لە تام بەرییە
کەوابێ شێلمی گەنیو چی لێ بکەم
گوێ ڕاگرە بەیتی ترخێنەت بۆ بکەم:
شێلم و بڕوێش تێک هەڵئەشێلرێ
چاڵێکی قووڵی بۆ هەڵئەکەنرێ
لەو چاڵەدایە هەتا ئەترشێ
کرم و گڵخۆرکەی تێ ئەورووژێ
بۆرە زەلامێک ئەچێتە ناوی
پاو و پل کوڵکن، قول کڕێشاوی
تیا هەڵدەپەڕێ و بەرز ئەبێتەوە
تا پێی ئەو چڵکەی لێ ئەبێتەوە
ئەنجا دەگەنێ وەک دەعبای تۆپیو
دکتۆر بیبینێ ئەیخاتە ناو شیو
کە دەریان هێنا دەستی نەشۆراو
ئەیکات بە تۆپەڵ بە سووری هەتاو
جارجار بەو دەستەی کە چڵم ئەسڕێ
ترخێنە ئەخوا و ناوسکی ئەگڕێ
هەر چەند کە بێزووش بە ترشی ئەکا
لەبەر بۆگەنی ناوچاو گرژ ئەکا
شێلم ئەکرۆژێ خرمەی دێ وەک گیا
لاسکە شێلمی لەلا وەک لوبیا
لە لاجانگیدا ئەسپێ دەردێنێ
لەگەڵ ترخێنە هەڵیەفلیقێنێ
لالغاوەی پڕ لە کەف و بڕوێش
سەر و پۆتەڵاک وەک پرچی دەروێش
چیغێکی کۆنی پڕ لە چڵک و تۆز
کە بۆ کارەگەل کرابێت بە کۆز
دەیبەنە سەربان لەوێ هەڵیەخەن
سفرە بۆ مار و مێروو ڕائەخەن
کە ڕەشەبا هات تۆزی میز و گوو
ئەڕوانی بەگژ ترخێنەدا چوو
چونکە هاوین خەڵک شەو لە سەربانە
جێی میز و گووە وەک ئەدەبخانە
قەیناکە تۆزێک تۆزی لێ نیشتوە
پیشەی قەدیمە کە بەجێی هێشتوە
ناوزگی ئێمە لەو پاکتر نییە
لە زگدا فەرقی پاک و پیس چییە؟
ئەمە تەرتیبی ترخێنەمانە
بۆچ پێی نەئاوسێ زگ وەک هەمانە
عەنعەنەی وا قۆڕ عەمری نەمێنێ
با شێلم بە ترش لەجێی بخوێنێ