دەردی کۆمەڵایەتی
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
2 دقیقه
1086 مشاهده
تیاترۆی ئێرەو گشت ئینتزامی
ئێستا هاتۆتە سەرگەمەی ڕامی
بڵاو بۆتەوە لە ناو خاس و عام
جۆکەریان کردە وێردی سوبح و شام
گەر بێ خەبەری فەرموو بیبینە
شەوێک بچۆرە چاخانەی مینە
ئەوسا ئەبینی لە هەموو لایەک
هەرچەند کەسێکە و چوونە پەنایەک
دەوری کاغەزیان داوە و دانیشتوون
بۆ وەسڵی جۆکەر شێت و شەیدا بوون
خەریکی یارین هۆشیان نەماوە
ملیان کووڕ بووە و پشتیان چەماوە
هەر زرم و هووڕ و هەراهەرایە
سەیرێکی خۆشە وەک سینەمایە
بڵێ: لە «الحمدعربی» ئەم گەلی کوردە
بۆ شتی بێ فەڕ بەدەستوبردە
نیفاق و فیتنە و جاسوسی و قومار
تیایا شارەزان وەکوو دانی مار
ئەنجا بێینەوە سەر یاریکەران
هەر دەستەی بەجیا بۆت بکەم بەیان
تێکەڵ بەیەک بوون وەک چێشتی سواڵکەر
تاقمێک مەئموور، سدارە بەسەر
یەکێک مدیرە و یەکێک محاسب
یەکێک موعەللم، یەکێک باشکاتب
ئەمڕۆ لەوێدا وەکوو مەئموورە
کۆڕیان دێتە جۆش بە چەشنی کوورە
لە هەوەڵی مانگ تا پێنج و شەشی
هەر لەسەر پارە ئەکرێت دووبەشی
بەڵام برادەر کە هەشت و نۆی دێ
گووی سەگ بەحاڵی هەر خۆی بە خۆی بێ
ئەنجا قەرز ئەکا پارە لەم و لەو
لەبەر قەرزاری خۆ نانوێ بە شەو
بەم نەوعە لات بوو پارەی نەماوە
یارییەکەی دێتە سەر چایی و قاوە
بە کورتی، دائیم پەست و غەمبارە
بێ قەدر و قیمەت، سووک و قەرزارە
دەستەیەکی تر ئەویش تجارە
سلکی کاسبی و ئەهلی بازاڕە
بە ڕۆژ هەوڵ ئەدەن بەو حاڵە پیسە
بە سەد ئۆین و سوێند و دەسیسە
دەستی خەڵک ئەبڕن شتێک ئەفرۆشن
کە شەویان لێهات وەها بەجۆشن
لێکی بەرەوە و چاکی بزانە
ئەمە ئەحواڵی موجتەمەعمانە
من ڕێگەی یاری ناگرم بە کوللی
با بکرێت بەڵام بە موعتەدلی
ئێمە قەومێکین وا لە ژێر بارین
حەیفە ئەوەندە خەریکی یارین
جارێ با خۆمان دەرکەین لە وەحشەت
ئەوسا دەس بەنە ئەسبابی عوشرەت