لەسەر بەردێک هەڵۆیەک هەڵفڕی کەوتە هەوا بێ غەم

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  492 مشاهده
لەسەر بەردێک هەڵۆیەک هەڵفڕی کەوتە هەوا بێ غەم
بە بایێکی غروری بایی بوو، تا کەوتە سەر عالەم
بە بایێکی خەڕۆ بایی بوو، ئێجگار خۆی بڵند زانی
پەڕی گیڤ کرد و باڵی لێک ئەدا هەتاکوو ئەیتوانی
کە کەوتە عالەمی خولیاوە، سەیری کرد هەموو دنیا
لە ژێر باڵی ئەوایە، هەر ئەوە لەو ئەوجەدا تەنیا
وتی: ئەمڕۆ لەمن بەرزتر، لە ئەوجی عالەما کێیە؟
کورەی ئەرزم لە ژێر پیدایە، کەس ناگاتە ئەو جێیە
ئەگەر مێشوولەیەک بێت و بجووڵێ نابێ نەیبینم
لەسەر شەپقە و سەری ئەگرن پەڕێکی باڵی ڕەنگینم
خولاسە هێندە فەخری کرد و خۆی بینی لە نخوەتدا
کەمانێکی قەدەر تیرێکی هاویشتێ لە غەفڵەتدا
هێنایە خوارەوە خوار و زەلیل لەو بەرزیە لەرزی
سەفیل و دڵبریندار کەوت، لەو خاک و خوێنەدا گەوزی
کە سەیری کرد پەڕی خۆی بوو لە ناو ئەو نووکە پەیکانە
وتی: خۆمان بە خۆمانی ئەکەین، بێ سووچە بێگانە
بەڕاستی، ڕاست ئەکا «سعدیفارسی» کە من هەرگیز لە بێگانە
گلە ناکەم کە هەرچی پێم ئەکا خۆیە و لە خۆمانە
دەڵێین دڵمان لە یەک پاکە، برای دینین لە یەک نەسلین
کەچی چاومان بە خێری یەکتری هەڵنایە کەچبینین
هەتا کەی چاوی عیبرەتمان لە گڵدا بێت؟ خوا چارێ!
حەکیم هەر تۆی، بە خێر چاومان هەڵێنە، بێینە باو جارێ