سەیری کورد بکەن چۆن ژیاوە و چۆن ئەژی

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  612 مشاهده
بیستوومە کەوا ئافرەتێک لەسەر پێپیلکەی بان
گایەکی گرتە باوەش و سەرکەوت بەبێ وچان
دیارە کە ژن ئەوەندە هێزی نابێ، چۆن ئەبێ
هێندەی کە گایەک هەڵگرێ، کەی هەڵمەتی ئەبێ؟
ئەو گایە گوێلکێک بوو لە پێشدا کە هەڵیەگرت
خۆی ڕۆژ بە ڕۆژ بە بردن و هێنانی فێر ئەکرد
هەتا گوێلک زل بوایە ژنە هێزی زۆر ئەبوو
ڕاهاتنە بە کوردی، بە بونای «سپۆرت» ئەبوو
پێشینانی ئێمە بە بەهاران ئەچوونە دەشت
گەورە و بچووک بە جارێک لەوێ کۆمەڵی ئەبەست
لایەک بە کەوشەک و شەڕەتۆپ، لایەک وردەکان
ئاشەبەتەنگورێ، بوغچە بە گەردانی، پشت لێدان
هێجگار کڵاوفڕێن کوڕی زۆر گورجی پێ دەوێ
نابێ بگیرێ با شەش و حەوتیشی شوێن کەوێ
هەرچی کەوا لەسەر قەلەمردارێ نان ئەخوا
نابێ بێڵێ تۆپەکە بەرز بێتەوە بۆ حەوا
ئەیگرێتەوە خراپە، ئەوان دێنە کایەوە
چوار نانە ئەو کەسەی کە بەوەستایی مایەوە
تەنها بە بابی بابی بۆ کەرسوار سوار ئەبوو
ئێستا کە کەرسوارییە، سوار ڕۆیی، باوی بەسەرچوو
ئەو بازد و هەڵبەزین و ڕاکردنی خوار و ژوور
ناوجەرگی پاک ئەکردەوە وەک ئاوێنەی بلوور
هەر کەوشی سوور بوو، قۆندەرە چۆن کورد لەپێی ئەکا
ئەو سنگە ڕووت و ساغە لە کوێ ماوە ئێستەکە
ئەو پیاوی بەم هیوایە کە بەم ڕەنگە هەڵدەکەوت
ناوی لە ناو قەڵەمڕەوی تورکانا سەردەکەوت
ئێستەش ئەوانەیە کە لە عیراقدا دەناسرێ
دیارە ئیتر قەت بە پاشەرۆک سەوی پڕ ناکرێ
ئیدمانی ئێستە هاتۆتە سەر بەزمی خواردنەوە
هەرچی کە زۆری خواردەوە باش پاڵەوان ئەوە
پێکێکی زیادی کرد بە سەرا ئەوسا جێبەجێ
هۆش و دەمار و پارەی بەجارێک لەکیس ئەچێ
ئەو جێگە یارییە خۆشە کە چیمەن بوو سەربەسەر
ئێستە لە شوشە شۆسەیە گەر پیائەکەی گوزەر
دایکی وەتەن ئەڵێ: کە ئەسیری زەمانە بم
بە کردەوەی بەد بە ئومێدی چی ئەمانە بم؟