یادی مەولەوی
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
2 دقیقه
844 مشاهده
مەولەویم دیبوو ئەوسا کە مابوو
لە تافی پیریی ئێستای منا بوو
ئەم چەند شیعرانەی بۆ بەجێ هێشتووم
ئەیکەم بە تاسەی عومری ڕابوردووم
وا وادەی گۆپکەی سپی پیرییە
گۆپکەی گوڵ دڵگیر ئەم دڵگیرییە
شکۆفەی باغچەی پیری سپییە
سەراسەر سەر و سینەم سپییە
بای موویەک تای مووی سپیمی بە با دا
ڕەشەبای پیری جوانی بە با دا
ئاخر بەهاری نەوجوانیمە
ئەوەڵ پاییزی زیندەگانیمە
هەناسەم وەک بای گەڵاڕێزانە
تەم و دووی دەروون گەڵاڕێزانە
پەیدا بوو زویری و زاری و دڵگیری
پەی دەرپەی غەم و پەژارەی پیری
خەدەنگی باڵام وەک کەمان خەم بوو
ڕوو لە نیشانەی ئەو دنیایەم بوو
ساقی! وا پیری لێم بوو بە زنجیر
دەستم داوێنت تەنها تۆی دەستگیر!
زوو کە بە لەنجەی بێ درەنگەوە
بە ئاڵ و واڵای باڵای شەنگەوە
بە جامی جەمی جەمسەری سەرجەم
ڕەگی ئەندامم تێک بەستە بە هەم
وام گورج کەرەوە بە مەستی جوانی
تازە کاتەوە ئەم پیرەی فانی
پێم بدە تا پێم هێزی پێ پەی کا
بێوچان پلەی ڕێی مەحشەر تەی کا
ئاخ ڕەشۆڵ! سا تۆش بە قەتارەوە
تا دەمرم خۆتم لێ مەشارەوە