زەردەشتی
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
757 مشاهده
تازە گوڵ ڕۆیشت لە باغا، دڕکی پیر هەر مایەوە
گێژە هەرچی خۆی ئەخاتە گێژی ئەم دنیایەوە
دادی ئایینمان لە دەست مەی نۆشی و ڕەشپۆشییە
هەژ بەسەر ئەو جەژنە یا سەرخۆشی یا سەر خۆشییە
عادەتی جەژنی موسوڵمانانە یەکتر ماچ ئەکەن
جەژنی ئێستا ماتەمە ئەو ماچ و مووچە لادەبەن
بێت و شەو تۆ بێیتە لام ڕۆژە حەرام پێویست نییە
بێجگە لەو تەشبیهە من پیشەم چراوەکوژێنییە
زوڵف کە ڕووی داپۆشییایە، داد و هاواریان ئەکرد
خەڵکە! مانگ گیرا لە تەپڵ و دومبەڵەک دەن دەستوبرد
ئێستە زوڵف بڕرا، شەهاب گیراوە، مانگگرتن نەما
حەیفە! هێلانەی دڵان شێواوە، بیبینە سەبا
هێند بە ئازادی درۆ ئەم عالەمە پێی هەڵبەزی
کەوتنە ژێڕ قەیدی بڕین هەر قەیدی ڕووی زوڵفیان بڕی
پیری بێ پیرە و لە سەرمانا دەماغم وا سڕە
ئێستە هاڵاوی لە پێڵاو و پڵاوی خۆشترە