بەهار

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1212 مشاهده
بەهار تازە ڕەنگ، بەهار تازە ڕەنگ
دیسان نواندی بەهار تازە ڕەنگ
وێنەی تەموورە تاڤگەی خۆش ئاهەنگ
لالەی ئاڵ دەرهات وەک لاڵ لە ڕووی سەنگ
گۆپکەی درەختان ئاوس بە گەڵان
با ئەیکاتەوە بۆ نەشئەی دڵان
گوڵان خەواڵوو لە خەو هەڵساون
بۆ ژەنگی دڵان وەک نەرمەساون
وەنەوشە بە نۆش ئەسرینی نەسرین
سەرخۆشە و گەردنکەچە بۆ ئایین
بلبل بە نەغمەی شۆری پەهلەوی
قەتاری «رەشۆڵ» بە نیوە شەوی
تەئسیری ناڵەی مورغانی چەمەن
ئاگرە بۆ دڵ دوورکەوتەی وەتەن
کەیف و سەربەستی فەسڵی نەوبەهار
سەیری سەبزەزار دیارە و دیار
بۆ کەسێک خۆشە دڵ بە ئومێد بێ
نەک وەک من غەمبار ئاوارەی زێد بێ