بە ناوی «قەرەتوغانی» یەوە

لە شوباتی ساڵی ١٩٤١دا وتوویەتی
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  678 مشاهده
سیا بازێک بووم، سیا بازێک بووم
لە ئەوجی گەردوون تیژپەروازێک بووم
لە دەستی میران ئارامسازێک بووم
دایم پەروەردەی قەدر و نازێک بووم
بە زەردەخەنەی پیرێژن مەغروور
***
کاتێک دەچووینە ڕاو و شکاران
لە کۆڕەی باڵم کەوی کۆساران
ئەلەرزین وەکوو بیی جۆیباران
خۆیان ئەخستە پەنای نزاران
کونە مشکێکیان لێ ئەبوو بە ژوور
***
بە دەنگی دلێر کە تێمئەخوڕین
لایان نەدەما هێزی هەڵفڕین
ئەمخستنە ژێر خۆم نووزەم ئەبڕین
بە چنگاڵی قین هەڵمئەدڕین
دڕندەیەک بووم لە پیاوەتی دوور
***
ڕۆژێک هەڵمەتم ئەبردە سەر کەو
لە پڕ شمقارێک هات بە تەکودەو
پەلاماری دام لێم کەوتە هەوهەو
ڕۆژی ڕووناکی لێ کردم بە شەو
خستمیە خوارەوە بە لنگە و تلوور
***
قەرەتوغانی ئەمەت لە بیر بێ
ئەم پەندەت لەلا وەک پەندی پیر بێ
خوێنڕێژیی ناکا ئەو کەسەی ژیر بێ
زۆر لە کەس مەکە هەرچەند ئەسیر بێ
جەزای کردەی بەد ناکەوێتە دوور