وڕێنەی مەستی
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
797 مشاهده
وشکەسۆفیەکان بەهەشتیان ئەوێ
بۆ ئەوەی حۆری و کۆشکیان بەرکەوێ
یادی تۆم لە هەر شوێنێ دەست کەوێ
بەهەشت دۆزەخیی لێ پڕ، نامەوێ
ئاڵتوونم هەیە کە هەر بیژمێرم؟
ناچارم ئەبێ بە تۆ ڕابوێرم
نائومێدییە و بێ موبالاتی
حەڵاڵخۆرییە و کەم دەسەڵاتی
ماڵدار ماڵی برد، من ڕەزای خوایی
ماڵ لە کورتییە و قەرز لە زیایی
هەی قەلەندەری چەند «سەبوکباری»
لە ڕیش و سمێڵ بەریت یەکجاری
جاران ئەمانوت: قەلەندەرییە
لە ڕیش و سمێڵ بۆیە بەرییە
خۆ ئێستا ڕیش و سمێڵ مەترووکە
هەرچی ئەبینی وەک تازەبووکە
عومری ئەو ڕیشە زبرە نەمێنێ
کە لە ڕوومەت کەوت دایئەچڵەکێنێ
من ئەڵێم: ئەوەی کە خاوەن ڕیشە
ئاین و ئۆینی کردووە بە پیشە
خوایە من ئەگەر کە خواستی خۆم بێ
بۆچی بمەوێ کە ملم کۆم بێ
باری گوناهم ئەگەر لە ملە
بناوانەکەی باوکم وا شلە
ئەو نەیئەزانی شەیتان نایەوێ
کوێخایی عەرش و قورشی بەرکەوێ؟
ئێمە ئەیزانین کە ئەو شەیتانە
بۆ لەڕێ بردن لە پەیجۆرمانە
تەفرەمان بدا بە دەنکە گەنم
وا چاکە بمانخەیتە جەحەنم