بە ناوی «قمبر علی» یەوە وتوویەتی
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
741 مشاهده
لە خەو هەستا بووم، لە خەو هەستا بووم
بەر لە بەیان بوو لە خەو هەستا بووم
شعور لە کەللەی خاڵی پەستا بووم
گوێم ڕاگرتبوو بۆ بانگ وەستا بووم
شەو شەوکراسی خومی خۆی داکەند
ئاسۆ بە شەفەق کەوتە شەکەرخەند
بەرقی پێشخانەی سەحەر ستێزا
سوپای ئەستێران لە ڕۆژ گورێزا
لەسەر منارە سەربەرزی بێ دەر
بڵند بوو بانگی «الله اكبرعربی»
بلبل بە نەغمەی خۆش ئاوازی بەرز
ئەیخوێند لە سەرچڵ بە ناڵەی سەد تەرز
ئافەریدەکان هەر یەک بە ڕەنگێ
بۆ گردوکۆشی دەنگ و ئاهەنگێ
یەکێک ئەکەوتە شوێن خولیای شایی
یەکێک ئەگریا لە بێ نەوایی
شێخ لە ڕابتەی کەشف و کەرامات
گۆرانیبێژیش شەیدای مەقامات
بتپەرست هەوڵی کلیسایانە
عەرەقخۆرەکان مەستی مەیخانە
بەدکار شوێن بەد و، خێرەومەند بۆ خێر
حاجی بۆ کەعبە، ڕاهبان بۆ دێر
هەرکەس کارێکی پێ سپێرراوە
لە ڕۆژی ئەزەل خوا بۆی داناوە
هەر من بێکارم وەک کابرای پیرەم
خۆشم نازانم کە لە کام تیرەم؟