هاودەمی هامفەرد

لە ساڵی ١٩٣٩دا بە ناوی «کەسنەزان» ەوە بڵاوی کردۆتەوە
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  860 مشاهده
هاودەمی هامفەرد، سەرکردەکەی خەم
ڕێ نەکەوت خەمان جەم کەین لەگەڵ خەم
هیوایەکم بوو بۆم نەچووە سەر
ئەمویست بە بۆنەی بۆنکز بێ کەدەر
ئای بەو یادەوە ئێستەش سەرخۆشم
بەو شنۆی بایە هێشتا مەدهۆشم
کاتێک بەو گەردن زیوی سافەوە
وەک ئاسکی خوتەن بە بۆی نافەوە
لەو توون بۆ ئەو توون گومەتەی ئەبەست
عەترئامێز بوو ڕووی کۆ و هەرد و دەشت
ئەو بۆنە خۆشە شەماڵ ئەیپەخشان
دەرمانی دەردی دووری ئەگەیان
پەردەی دڵتەنگی لا ئەبردەوە
هەردەم ژیانی نوێ ئەکردەوە
درەنگت پێ چوو، چەواشەی چەپگەرد
تەسەللایەک بوو ئەویشی لابرد
ئێستا ئەو گەنجە، ئەو لار و لەنجە
بە سەرپەنجەی زۆر دڵت کرد ڕەنجە
ئای لەش پڕ برین، دڵ بە خەریکی
دیدار بە دووری، مەرگ بەو نزیکی
ئەلای کێ بەرین داخوازی تەدبیر؟
هەی داد لە تەدبیر، هەی ڕۆ لە تەقدیر!!
خۆ ئەم بەدبەختەی خۆشی نەدیوە
بەختی ڕەشی خۆی زۆرتر ناسیوە
لەم چارە نووسەی قوربانی دولبەر
نەک جارێک چوار جار «اللە اكبرعربی»
لە گێژی دەریای ئاشووبی زەمان
بۆ کەشتی خەلاس ئەبووە بادبان