کۆترە باریکە
لە ساڵی ١٩٣٩دا بە ناوی «زەرگەتەیی» یەوە بڵاوی کردۆتەوە
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1662 مشاهده
کۆترە باریکەی خاڵ و میل ڕەنگین
لانەت لە پۆپەی دار تووبای بەرین
حق و هووت نەغمەی جبریلی ئەمین
بە گۆنای ئادەم کەوتە سەر زەمین
***
من و تۆ ڕشتەی بەینەت لەمل بووین
نشیدەخوانی غونچەی یەک گوڵ بووین
سەرمەستی نەشئەی بادەی یەک مل بووین
زادەی سروشتی یەک ئاو و گڵ بووین
***
کاتێ یەک باڵ و یەک ماڵ بووین لە دەشت
چینەمان ئەکرد لە دەشت وەک بەهەشت
لە ناکاو دانەی بەدبەختیمان چەشت
لانەمان ڕووخا بە بای شۆری دەشت
***
هەردوو گرفتار داوی یەک سەییاد
من لە داخا و تۆ لە شاخا ناشاد
دەست بەستەی بێداد چەرخی کەچ بنیاد
نەمردین دیمان ئەم جەژنەی ئازاد
***
ئەمبینی هەودای داوی نەهاتی
هۆنراوەی پەنجەی چەند هاووڵاتی
دڵسۆز بووم سۆزم ئەدی لە باتی
هەڵۆ پەڕی خۆی بوو بە خەڵاتی
***
ئێستا کە دەوری دەوران وەرگەڕا
مانگای گەڵباخی مرد و دۆ بڕا
ژۆرناڵ، فورمە، تەپڵ، هەرسێکیان دڕا
نازانم پیاوی بەد چی پێ بڕا؟