دانشتبووین لەگەڵ یار

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  1203 مشاهده
دانیشتبووین لەگەڵ یار
من سەرمەست و ئەو هوشیار
بە تیلای چاوی بیمار
دڵمی فڕاند بە یەکجار
شوێنی دڵ کەوتم ناچار
زۆری لێ پاڕامەوە
ئاوڕێکی لێ دامەوە
کەوتم و هەڵنەستامەوە
تێکیەوە پێچامەوە
ئیختیار بێ ئیختیار
ئەنجا هاتە سەرینم
چاوی کەوت بە برینم
گیان گەیبووە بەربینم
یەخەی لادا بیبینم
ڕووناک بوو دەر و دیوار
مانگ بە کەتان ڕازابوو
دوو دوگمەی ترازابوو
دوو نار لە نوور سازابوو
باڵادەستی بەیزا بوو
نووری لای توور تیرە و تار
هاتە گفتوگۆی یاری
بە شیرینی گوفتاری
حەڵوای گەزۆ ئەباری
ئێجگار لێوی خاڵداری
ئاڵتر لە پەڕەی گوڵنار
ئاخ نازانن دڵ چۆنە
لە برووسکەی سەرگۆنە
ئاگر بەربووە کای کۆنە
کەوتمە مەلە وەک سۆنەمراوی
خۆم خستە بەرپێی دڵدار
بە دوو زوڵفی وەک زنجیر
پێم بەسترابوو وەک نێچیر
پێکەنی، وتی: ئەی پیر
وا تۆیشم هێنایە گیر
وەک جوانێکی بەختیار
پێم وت: پیری ئازاد بووم
قەلەندەری دڵشاد بووم
بەند نەبووم، بەندگوشاد بووم
قارەمانی دێوزاد بووم
وا بۆ تۆ هاتمە ژێر بار
فەرمووی ئەو ڕۆژەی یەزدان
ئێمەی هێنایە مەیدان
ئەوسا بووین بە بناوان
بۆ سەرپەرشتی مێردان
ئێمە پیاو ئەخەینە کار
نەوەی پەرین لە پێشین
ڕەگی دڵ ڕائەکێشین
بۆ لێقەوماوان خوێشین
باری غەمتان ئەکێشین
هەم غەمخوارین، هەم دڵدار
گەر ئێمە نەبووینایە
پیاو چۆن ئەهاتە کایە
جیهان هەر ئێوەی تیایە
کەچی لای ئێوە وایە
خودپەسەند و دڵئازار
ئێمە حەز لە شەڕ ناکەین
بە هیوای خوێندن و چاکەین
نەتەوەی باش پەیدا کەین
وێرانەمان ئاوا کەین
بە خوێندن دەبین ڕزگار
ئەو مژدەیە لەو دەمە
لام هەناسەی مریەمە
چوومە ڕیزیان ئەودەمە
خوا یار بێ ئەو سەردەمە
وەتەن دەکەین بە گوڵزار