خاکی بەر پێتە بەقوربان نووری چاوانم وەرە

پاڕانەوە
از کتاب:
دیوانی ئەخۆل
اثر:
اخول (1911-1988)
 2 دقیقه  817 مشاهده
خاکی بەر پێتە بەقوربان نووری چاوانم وەرە
با فیدای دوو دیدەکەت کەم... دین و ئیمانم وەرە
هەر وەکوو یەعقووب لە دووری تۆیە گریە و زار ئەکەم
چاوەڕێی پیراهەنی تۆم شاهی کەنعانم وەرە
چەن هەزاران شاهی عەشقت کردە عەبد و دەرکەوان
بۆ خوڵامیت حازرم من شاهی جوانانم وەرە
تۆ بفەرمووی دائیما من حازرم بۆ مردنیش
باوەڕیش ناکەی لەژێر دەستایە قورئانم وەرە
هەر بڕێژن با ڕەقیبان خوێنەکەم پێیان حەڵاڵ
گەر لەسەر تۆ من بکوژرێم وەک شەهیدانم وەرە
گەر قەبووڵم کەی بە دڵدار بێستوونم بێتە ڕێ
شەرت ئەکەم تا ڕۆژی مردن مەردی مەیدانم وەرە
ڕوو لە کونجی خەم ئەکەم قەت نامەوێ عەیش و سروور
زیکر ئەکەم ناوت بە وێنەی وێردی سوبحانم وەرە
موددەتێکە ئاشناتم... ڕوو لە من بۆ لا ئەدەی...؟
دوور لە باڵات هەر خەریکی شین و گریانم وەرە
گەر نەبێ لۆمەی ئەم و ئەو ڕوو لە کێو و دەشت ئەکەم
چی بکەم پابەستەیی لۆمەی ڕەقیبانم وەرە
ڕۆژی جوانیت بۆ بگیرێ قەت خوا هەڵناگرێ؟
شوعلەوەر بە توخوا خورشیدی تابانم وەرە
وا بە جارێ مەوج ئەدا وەک بەحری خوێنین دیدەکەم
تۆی کە سەدی کەی شەپۆلی ئەشک و گریانم وەرە
هیج شیفام نابێ بە لوقمان بێت و زیندووش بیتەوە
چاوەڕیی تۆم، تۆ دەزانی دەرد و دەرمانم وەرە
ڕوو مەکە ئەغیار و ناکەس، حەیفە خۆت ڕیسوا ئەکەی
تۆ بە دێوانەم مەزانە... من قەدرزانم وەرە