«لەو دەمەدا لاس لەلای خەزاڵێ خەوی لێ کەوتبوو»

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 2 دقیقه  675 مشاهده
ئەو لاسە لەکن پەری کە نووسبوو
چاوی لە خولی زەمانە بەسبوو
بۆ لاسە ببوو سەرین ڕانی
دەی دایەوە خەو لە چاوەکانی
ئەو جێگەیی گەر وەدەس کەوتبوو
بێ دەرد و پەژارە لێی خەوت بوو
کاری نەبوو ئەو بە عاشقانە
چی داوە لە فەرتەنەی زەمانە؟
گەر ڕانی خەزاڵە بێ بە دۆشەک
قوربانی دەکا مەڕ و پەز و شەک
هاوار و قریوە کەوتە عێلی
گریان و بریوە کەوتە عێلی
گوتیان کە مەڕۆ برا بە ماڵان
سەرپاکی ڕفاوە چوو بە تاڵان
بەو غڵوەیە ڕاپەڕی لە خەو لاو
دەیگوت بە خەزاڵە ئەی بەڵەک چاو
ئەو کارە لە هۆبە گەر دەقەوما
بانگی من و هەر دەبوو بکربا
زوو ڕووم دەکردە کێو و یاڵان
دەم گرتەوە پێشە بڕ لە تاڵان
هەستاو سوواری ئەسپەکەی بوو
لەو کێوە وەکوو هەڵۆ و باشوو
دەیدا لە ڕکێف و ڕۆیی بەینێ
ئەو شەڕکەری هۆبەکەی نەگەینێ
سەر ڕێی دەگرت وا بە لەشکر
وەک بێت و بدا لە پووش ئاگر
دەیکرد لە عاشقانە هاوار
دەیگوت چیە، بۆ وەکوو سەگی هار
کەوتوونەتە نێو مەڕی فەقیران
ئەی دوژمنی دەردەدار و پیران
زوڵمێ کە بکەن لە بێ نەوایان
کوا بوونە بە هەمدەم و برایان؟
نان و نیە ئێوە چۆن لە ماڵێ
پێم وایە سوواڵ و لێ وەكاڵێ
بیروو لەوە بوو کە من نەماوم
نەوزانی کەوا دەکەونە داوم
دەوکەم بە نەمامی سەر کەل و یاڵ
چون ئێوە دەبەن لە کێو پاتاڵ
کارێکوو دەگەڵ دەکەم هەتا هەن
وابی کە لەبەر خەراپە ڕاکەن