«ترساندنی خەزال لە چوونی لاس بۆ شەڕی مامە ڕەش»

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 2 دقیقه  743 مشاهده
با ئێمە بچینە کن خەزاڵێ
ڕوو کەینە وەتاغی بۆ هەواڵێ
فەرمووی کە خەزاڵ وا بە لاسی
ئەو لاسە بەوەی زگی دەماسی
لەو کارەیی خۆیی ئەبوو پەشیوان
ڕوویی کردوە لاس ئەو بە گریان
دەیگوت وەرە چاوەکەم مەچۆ شەڕ
تۆ مەبڕەوە سەر دڵم بە خەنجەر
گەر بێت و ئەتۆ بچی بە ساغی
تا مەحشەرە بێ سەرو قوڵاغی
بۆ بۆ شەڕە وا بە جێـ دێڵی؟
بۆ دەمکەیە سووک تۆ لە خێڵی؟
کە خودایی نەکردە تۆ نەمێنی
ئەو شۆڕە خەزاڵە بۆ بمێنی؟
من بۆچمە لاس، زیندەگانی؟
چ بکەم لە جحێڵی و جوانی؟
بەو شۆخیە گەر کوتم دەگەڵتان
تۆ لادە لە گوڵ چنین و هێنان
پاڕایەوە ئەو خەزاڵە بە زمان
تا لاسی بکا بە دوور لە گوڵان
هەر چەندە بە لاسی ئەو دەفەرموو
بۆ چوونی گوڵان گشت تر بوو
زانی کەوە پەندە کەی بە بایە
دەیگوت بە پەژارە ئەو دووایە
بە قسەم بکە لاسە بۆ گرژ ڕووی؟
بۆ ئەو سەفەرەی مەچۆ، ئەگەر چوو
ماچم بکە بیبژێرە تا سی
نانی بەرە ترسەنۆکە برسی
خۆی ساز دەکرد ئەو لە بۆ کیو
بۆ گرتنی چل مرۆیی وەک دێو
هەرچەندە خەزاڵ ڕوویی تێکرد
لەو بارەوە دڵ بە غەم دووا ورد
ئەو گوێی نەدایە لۆرە لۆری
ڕۆیشت بە ئەسپە گردە بۆری
لە ڕکێفی دەداوە ئەو سوارە
وەک بایی ەڕۆیی لەو هەوارە
ون بوو کە لە یار و ئاوەدانی
ئاغا لە وەڵاغەکەی ڕوانی
نەی مابوو لە شی پەلان ئەو ناڵ
بەو حاڵە دەڕۆیی هەر وەکوو داڵ
ئەو ئەسپەیی وا کە دی هونەرمەند
ڕووی کرد لە روست و بوو لەوێ بەند
ئەو لاسی بە غیرەت و بە جەوهەر
چۆ کوورەو کارگایی حەیدەر
بە سواری وەڵاغ ڕادەوەستا
فەرمووی بە حەیدەر ئەو لە پەستا
بەس خۆ بکە گرژ و مۆن و ڕوو تاڵ
ئەو ئەسپە دەبێ بکەی ئەتۆ ناڵ
وەر بگرە لە من لغاوو هەوسار
بێ بەستەوە، ببڕە ناڵ و بزمار
بۆی بێرەو ناڵی قورس و ئەستوور
لەسم و لە پەلی دەهەر بە دەستوور
بە قسەم کە بکەی بزانە پیرە
گیرفانی تۆ پڕ دەکەم لە لیرە