«چوونی حەیتە بۆ لای خەزاڵێ»

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 2 دقیقه  607 مشاهده
جا حەیتە وەهایی گەر دەزانی
چۆ پێشەوە تا وەکوو توانی
دەیداوە بە حەیتە پووڵ و پارە
دەکرێ بە تەڵایە کاروبارە
پاش ئەوهە بە غار حەیتە ڕۆیی
ئەو تانەیی هەر دەدا لە خۆیی
سەرسووڕ دەماوە گەر لەوانە
بۆ خۆیی گوت ئەو بە خۆ بزانە
چەندێکە کە نۆکەری بەبانم
وەک گورگ لە کێو و هەندەرانم
نەمدیوە ئەوەندە زێڕ و پارە
من چۆن نەبەم ئەو پەیامی یارە؟
بۆ لاس، لەوێ بە کیسە زێڕی
دەستێنمە تا بکەومە تێری
سەرکەوت لە کێو و بەندەنانە
ڕووی ناوە هەوەڵ لە باڵەکانە
چەن سواری دەدەی لەوێ و لە ڕاوێ
ئەو کاتە لە دەم خڕو شەتاوێ
گربوویی یەکێ لەوانە سەر ڕاو
سوارێکی نەجیب و زیرەک و لاو
دەیکردەوە هەو لە گردە بۆری
ئەسپێکی بە نێو و لەندەهۆری
بازێکی سپی لە سەر دەسی بوو
تقاژی کە بە ڕستە بوو بەوی بوو
کربوویی لە شان و مل مەتاڵە
وەک ڕۆستەمی زاڵ بوو بە باڵا
جا حەیتە لە دیمەنی دەترسا
نەیزانی کە ئەو سووارە لاسە
دوو دڵ بوو لەوەی دەبێ کە هەو بێ
بۆ خۆیەتی یا پیاوی ئەو بێ؟
وا چاکە کە خۆیی پێ بناسم
گەر لاسە سەرنج ئەداتە باسم
بەندێ کە بڵێم ئەلێرەکانە
گوێی لێیە دەزانم ئەو جوانە
گەر لاس دەبێ بە بەند حاڵی
دەشکێ بە هەوایی بەند باڵی
گەر هەو نییە لێرە ئەو سوارە
پێی وایە هەوایی ڕێبوارە