«نەخشەی گەڕە لاوێژە بە خەڵکی هۆبە بۆ وەی لاس بناسرێ»

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 3 دقیقه  750 مشاهده
دوو دڵ کە پەری دەبوو لە لاسی
ویستی کەوە چاتری بناسی
دەیکرد لە خەڵکی هۆبە قاوە
شەو هەرچی هەبوو لە پیر و لاوە
هەر کەس کەوە لاوژەی دەزانی
ڕووی کردە سەراو و دیوەخانی
تا بیکەنە لاوژەی بە نۆرە
بانۆرە بگاتە کوردە بۆرە
ئەو فێڵەیی بۆیە کرد هەتا لاس
بۆ بۆنە لە خۆیی با بکا باس
زانی بە هەوایی خۆ بە خۆیی
کوڕ بەڵگەیی هەڵدەدا لە خۆیی
جا بوو گەڕەلاوژەو بە گاڵە
تا نۆرە دەگەییە سەر خەزاڵە
ئەو کیژە کە لاوژی حەوادا
خەرمانی غەمانی وا بە بادا
دەیگوت لە دڵا هەمن غەمی زۆر
خەو بۆ منە شەو دەبێ بە پێخۆر
کوێستانی بە ڵایە لەش تەمی غەم
لاناچێ لە سەر سەرم هەتا هەم
کوا ڕۆیی لە خۆشیانە تاوێ
بۆ وی نیە گەرمی و هەتاوێ
ڕوو زەردم و گوڵ لە بن نسێیە
دڵ دەردی بە بێ دەوایی پێیە
خەم بۆ چی نەخۆم چون لەمەو پێش
پەیدا بوو یەکی گەدا و دەروێش
دەگوت کە ئەمن پیاوی لاسم
مەحموودە بە موڵک و من هەیاسم
من نۆکەری دیوەخانەکەی ویم
پەروەردەیی ئاوو نانەکەی ویم
گەو وایی دەفەرموو ئەو ئەلێرە
پێم وابوو کە پیرە پێ بە خێرە
پاڕامەوە من لە پیری وریا
گریام و دەگەڵ من ئەو دەگریا
دەمگوت بە هەوایی عیشقی لاسە
جەرگم ڕەشە هەر وەكوو پەڵاسە
ئاوێکی ئەگەر نەکەی بە جەرگم
وەبزانە کە چاوەنۆڕی مەرگم
بێتوو کە نەگەم بە ئاوەتی دڵ
من دەبمە جووانەمەرگی بن گڵ
قەولی بە خەزاڵ ئەدا نەهێنی
بڕواتەوە لاسی بۆ بهێنی
چل ڕۆژە نەماوە کاروبارم
من چاوەڕوانی ڕویی یارم
نەمدیوە کە لاس بێ ئەلێرە
بگرێتەوە لەو خەزاڵە سێرە
یا پیرە گەڕیدەو درۆزن
بوو، بۆیە درۆیی کرد دەگەڵ من
یا تۆ هەوی کوردە، بۆ بە قوربان
دەنگ ناکەی و ڕوو دەکەی لەبەرخان؟
گەر لاسی ئەتۆ سەرت هەڵێنە
من دڵبەری تۆم و بمدوێنە
بڕوانە لە دوو برۆیی تاقم
حۆریم و لە نێو وڵات تاقم
کردوومەتە بەر لە بۆ جووانی
کراسێکی لە مەڵحەمەی کەتانی
دو زەر مەمی گۆیی سەر بە گژنیژ
سەر گۆگوڵ و شلک و لووسەنەک تیژ
پاوان کراوی بن کراسن
لیمۆیی حەڵاڵی شۆڕە لاسن
چی پیرە پیاوە یا نە لاوە
سەر پەنجەیی لەو مەمەی نەداوە
لە کراسمە بەو بەروویی نەرمە
درواوە کە بیس دەنک لە دوگمە
بڕوانە ببینە ڕەنگی دوگمان
مرواری و عاجە فیل و مەرجان
ئەی کوردە ئەتۆ لە نیوەشەودا
لەو وەختە کەوا خەڵک لە خەودا
هەڵبگرە لە سینەو لە مەمکان
گەر لاسی ئەتۆ، کونێ دەدوگمان
ماچی بکە لەو مەمەی دەپاوان
تۆ بمژە بە لێو گۆ لەسەروان
نەت باتەوە خەو لە دیوەخانێ
هەر زوو وەرە ژوور بۆ ژوانێ
گەر هەونی دەبێ ئە تۆ بزانی
ناکەم بە غەوارە من شوانی
سۆزی وەدەرت دەنێم ئەلێرە
فکرێکی جووان هەڵبژێرە
بەوجۆرە کە لاوژی دەفەرموو
ئاو لە دەروونی لاس بەربوو