«قەبووڵکردنی داوای خەزاڵ و بەندکوتنی پیرە لە بارەی لاسدا»
از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
4 دقیقه
720 مشاهده
ڕووی کرد لە خەزاڵ مامە پیرە
دەیکردەوە ئەو بە لاس ژیرە
باسێکی لە لاس بۆ دەکرد باس
ئەو باسەیە تاووسی دەکرد کاس
فەرمووی کە ئەمن بە ڕێک و پێکی
دەێڵێم لە چەند بەش، بەشێکی
چل شەو کە لە باسی لاس بدوێم
تاریفی تەواو ناکرێ پێم
ئەو شایەرە جا هەڵی دەدایە
ئەو چەشنەیی بۆ دەگوت هەوایە
ئەی پەریە جووانە تۆ ببوورە
ئەو یوسفە لەو وەڵاتە دوورە
نێو بردە بە لاسە موویی زوورە
باب ئەحمەدە وا لە شارەزوورە
یەکدانە جحێڵ و تازە لاوە
مەیلی لە کەژ و چیاو ڕاو
مەزنێکە بە لەشکر و سوپایە
ئەو گەنجە لە باڵەکان شایە
چون بێ ژن و سادەو جحێڵە
لە دوایی خەزاڵە شؤڕە وێڵە
تۆ حەزتە کە خویی ئەو بزانی
ناکا خەوە کازیوەی بەیانی
هەدەستێ بەیانە ئەو جوانە
وەک شێری بە سامی بێشەڵانە
ناگا کە لە کەژ بدا هەتاوە
دەخواتەوە شیر یانە قاوە
گەر جامی تەڵایی ئاسمانی
کردی لە حەواوە زێڕوەشانی
شیخاڵی کە داوە لەو زەمینە
دەڕوانی بە چاوی دووربینە
ماوێکی لە پەنجەرەی قەڵایە
نیشانەیی بەندەن و چیایە
لەو کێوو چیایە تێ دەفکرێ
تا خۆ لە پەژارە دوور بگرێ
تێر بوو کە لە سەیری بەندەنانە
فەرماندەیی موڵکی باڵەکانە
هاوار دەکاتە مەیتەرانی
بۆی زین بکەن ئەسپەکەی جوانی
ئەو ئەسپە کە قاپ ڕەش کووێتە
وەک غوولە بە ڕەنگ و خوویی شێتە
میر ئاخوڕە ئەسپەکەی دەهێنێ
تا هەڵگرێ زین دەی خورێنێ
موڕسایە کە نیوی زینە وایە
یەکجار بە بایەخ و بەهایە
بنوێنێ هەتا وەکوو بەقۆزی
ئاوزەنگی کراوە ئاڵ دۆزی
تەنگەو بەرو قایشی لە بولغار
بۆ زینی کڕیوە لاوی سەردار
ئاوریشمە کەریشمەکەی چناوی
مرواریە دانە بۆلغاری
بەسراوە لە بەینی گوێیەکانی
بۆ زینەتی ئەسپ و بۆ جوانی
چەپکێ لە پەڕی دەتیلی تاووس
ڕووی هەورە دەکەن لەوێوە ڕامووس
ئەو ئەسپەیە ڕەختی وای پێوە
سەرتاسەری هەر تەڵاو زێوە
سوواری کە دەبێ سوواری ئازا
دەگرێ بە دەس ئەو شەهێن و بازە
ئەو بازەیە سی قەڵاتە سی تووک
تیژ تێپەڕ و تیژ چەنگ و دندووک
هەڵدەگرێ لە بۆ شەڕ و تەق و ڕەو
ڕمێکی لەوی دەهەژدە قەف ئەو
شیرێکی لە لاتەنیشت داوە
لاهوریە زێڕ کفت کراوە
سا جاخەیی گەرلە پڕ دەلەرزی
شۆڕابەیی بەو دەدا لە عەرزی
یەک خەنجەری پێیە تیژە حاتەم
نیرویی دەسک دەبانی ڕەش دەم
بێ چەک نیە چوونکە ئەو جوانە
دەیکا لە ملی قەفی کەوانە
قەف گەورە و سەخت و خاسە ڕەنگە
نەک لەوهە کەماڵی وانە تەنگە
یەکدانە زرێی حەلقە زەردە
داوودی و چەک نەبڕ لە بەردا
پشتی نیە خانی ئێمە خاڵی
لەو پێستەیی کەرگەدەن مەتاڵی
جوتێ لە شەدەی دەکورەسینە
دەی بەستێ لە کەللە ئەو شەهێنە
پاتۆڵ و کەوایەکەی جوانە
ئەس کەللەیە قیمەتی گرانە
پشتێنی کە شاڵە ئەو لە تورمە
ڕەنگی ئەوە مۆرە یانە سورمە
بێ ڕاوو شکار چوونکە ناژی
دەگرێتەوە قڵفی ڕستە تاژی
ئەو خانە دەگەڵیە خۆسووارە
لە جووان و لە پیر یەک هەزارە
ئەو لەشکرە زۆرە نیوە پیرن
نیوی تری وانە لاو و ژیرن
ڕؤژ ئەو کەڵە ڕوو دەنێ لە کێوان
ناییتەوە تا نووێژی شێوان
دەگرن مەڕە کێوی و کەوانە
یا سوورە قوڵینگ و ئاسکانە
هەر دەم لە چڕ و لە بەندەنێکن
هەر تاوە لە شیوو قوژبنێکن
پێسی وایە دەدا دەس ئەو لە وادی
لە فریشتەی ئاوەت و مورادی
هەرچێیە گوڵێکی لێدەکا بۆ
ناگاتەوە لێوە غونچەکەی تۆ
جێی داخە کە لاس ئەبەو جەماڵە
بێ بەش بێ لە هەمدەمی خەزاڵە
هەر چی هەیە شت لە ڕووی دنیا
بۆ وی هەیە لەو وەڵاتە تەنیا
چی دیکە خەزاڵە ناتوانم
بەو باسەوە لاڵ ئەبێ زمانم
من پیرم و باری پیر لەنگە
کاتی خەوە شەو گەلێ درەنگە