«درۆکردنی خەزاڵێ لەو بارەوە»

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 1 دقیقه  654 مشاهده
ئەو خانمی پڕ حەیا و ژیرە
بە درۆیی گوت ئەو وەها بە پیرە
پیاوی منە ماینەکەی دزیبوون
کێو پارە و چۆڵی پێ بڕیبوون
ئەو مایینە لێرەدا نەماون
بۆ نێو فەلە ڕەشکە ڕادراون
پێی وابوو کە وا بڵێ بەوانە
ئەو لاسەیە دێ لە باڵەکانە
بۆ موڵکی مەلا نەبی بە لەشکر
هەر وەک بکەوێتە پووش ئاگر
گەر هات و گەورکی کرد داگیر
دەیکا بە کەمەندی زولف یەخسیر
کە برۆیی خەزاڵە ئەو ببینی
لەو خاکە دەبێتە هەم نشینی
وەک گوڵ لە گەورکدا کە پشکووت
بولبول دەگەڵ ئەو گوڵەی دەبێ جووت
گەر بوو بە خەزاڵە شۆڕە سەرخۆش
ئەو ماین و دز دەکا فەرامۆش
ئەو کیژەیی شۆخ و ڕوو بە خاڵە
هەیبوو کە لە دەس عیشق سكاڵا
داوایی لە پیرە کرد بە کاسی
باسێکی لە بۆ بڵێ لە لاسی
تا ئاوری سەر دڵی وەکووژێ
بە باسەیە گوڵ بدەن وەبووژێ