سەرسوڕمانی پیرە پیاوی لاسی بە دیتنی ئەو هۆبەو هەوارە
از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
2 دقیقه
693 مشاهده
جا پیرە مرۆیی کاکە لاسە
ئەو هۆبەیی گەر دەدی دەتاسا
هەرچی کە دەهاتە دەر جوان بوو
چاوی ڕەش و دوو برۆی کەوان بوو
یەک دەسرەیی بادەدا بە پەنجە
بۆ ئاو یەکێ دەچوو بە لەنجە
یەک گۆزەیی دا دەنا لە سەرشان
دیکرد بە ناز یەک دروومان
دەی ڕست یەکێ تەشی لە بەرماڵ
دەی وەنیەوە موویی زولفی قژ کاڵ
یەک خۆیی لە نێو هەوار دەتواند
گۆوەندی بە خەڵک دادەمەزراند
بەخۆڵەیی یەک دەکرد هاوێر
یەک دەردە دڵی هەبوو بە بلوێر
ئەو ئەسپی بە غار و وێرغە دێنا
ئەم شایەری بەندە لەو شوێنە
زوڕناژەنە یەک لە بۆ سواران
دەیکردەوە چاوەشی هەواران
یەک ئەسپ سوارە لەو هەوارە
یەک لێدەری تەپڵی نێو دەوارە
یەک ناز فرۆش و نازکڕ بوو
یەک عاشق و مەست و کەللە پڕ بوو
دەستێکی خەریکی گۆ و گۆیین
هەندێکی دەچوونە سەیری تۆپێن
ئێوارەیە بۆیە خەڵکە سەرخۆش
کاتێکە کە غەم دەکەن فەرامۆش
کیژان و ژنانی ئەو هەوارە
بەو هەوری و خامەک و بە خارا
بۆ مۆڵی مەڕ ئەو دەمەی دەهاتن
دەتگوت ئەوە تاووسی وەڵاتن
هەر تۆق و تەڵەسمە بویی هاڕە
بەرموورە لە سینگ ئەکا کە گاڕە
گەر خرمە دەکەوتە لێزگە کرمەک
پەخشان دەبۆوە بۆیی مێخەک
کرمەک کە دەگەڵ گووارە بوو جووت
ئەستێرەیی کات بوو دەئەنگووت
دەیدا شنە بایە گەر لە بکە
ئەو هۆبە دەبۆوە پڕ لە میسکە
گەر تیشکەو خۆرەتاوی هاوین
دەدرا لە حەریری سەوز و ڕەنگین
لەو هۆبە بە چەندە ڕەنگ و وێنە
ئەو شۆقی دەداوە لەو شوێنە
هەر کەس بە هەوایێ لەو هەوارە
دڵخۆشە بە بێ غەم و پەژارە
بتبایە ئەگەر هەزار تۆبە
دەشکا کە ئەتۆ دەچوویە هۆبە
ئێوارەیی ئەو هەوارە وابوو
بۆ زام و برینی دڵ دەوا بوو