زیزبوونی مەنسوور لە خەڵاتی لاس و تاریفکردنی خەڵاتی خەزاڵێ

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 4 دقیقه  497 مشاهده
سێ ڕۆژ کە تێپەڕی هەڵستا
چۆ بەردەمی لاس و ڕادەوەستا
دەیگوت کەوە من دەڕۆم ئەلێرە
ڕۆیشتە بۆ مە لێرە خێرە
چوون پیشە و کارەکەم گەڕانە
ڕزقم لە گەڕان و هەندەرانە
جێگا نییە گەر ئەمن وەمێنم
دەروێشم و شت وەدەس دەهێنم
ژینم لە گەڕاندا بژیوم
بۆ نایە، کە نەچمە دەر لە دیوم
ڕێوی کە گەڕۆکە، شێر نووستوو
وەک یەک نییە باسن خۆ لە هەر دوو
تاڵووکە ئەگەر دەکەم ببوورە
ئەی گەورە بزانە ڕێگە دوورە
هەوڵی کە نەدا لەلایی باری
کێ پارە و پووڵی بۆ دەباری؟
لەو شێخە کە لاس ئەو وتەی بیست
هێنایی بە کیسە لیرە دوویست
دوو کیسەیی پڕ تەلایی سوورە
وێی دا گوتی ئەی برا ببوورە
بێتوو کە لە کن وە ئەوهەکەم بێ
تۆ مەمکە لە هەندەرانە زەمبێ
بمبەخشە ئەوەندە خۆ کەمیشە
تەشوێ مەدە تۆ بە ڕق لە ڕیشە
ئەوڕۆ هەر ئەوەم لە دەست دایە
لێم وەرگرە گەرچی بێ بەهایە
مەنسوور کە لەو دەم و زەمانە
هەروا دەگەڕاوە بۆ بەهانە
زانی کەوە بەخششێکی زۆرە
بیانویی بە لاس ئەگرت و تۆرا
خۆی قەڵس دەکرد و موو گرژ بوو
وەک دێو و درنج ڕوو ترش بوو
ئاخێکی وەهایی هەڵدەکێشا
جەرگی دەگەڵ ئەو هەناسە ئێشا
دەیگوت ئەوە ماڵە مەزنە وایە؟
ئەی قوڕ بەسەر ئەو کەسەی گەدایە
ڕێگەی دەکەوێتە لایی لاسی
دەست و دڵی ئەو دەمەی دەناسی
بێ نانە هەمیشە ئەو مرۆیە
بۆ چاکە هومێدی گەر بە تۆیە
بۆ ئیرە لەبۆ شتی دەهاتم
هەر ئەو هەیە مووچە و بەراتەم؟
تەححا لە بەر ئەو هەمۆ خەڵاتە
دەمداتێ سەرۆکی ئەو وڵاتە
ئەو گوندەیە گەورە نێو وێران
ڕێوی بووە جێنشینی شێران
دەیداوە لە لاس هەرچی سووکە
لەو تانەو و لەو جنێو و تووکە
دوو کیسەیی بۆ فڕێ دەداوە
ئاوایی دەفەرموو ئەو بەلاوە
هێندەی هەی و سەد ئەوەندە چا بی
هێشتا بە خەزاڵە شۆڕە نابی
تۆ چی لە بەرابەری ئەویدا؟
نێوت نییە خۆ لە سەر زەویدا
هەر بۆ وییە بەخشش و جووانی
هەر بۆ وییە عەیش و زیندەگانی
مەشهوورە لە نێو خەڵک بەڕەندی
شیرینترە خۆ وتەی لە قەندی
هەر ئەو کچە حاتەمی زەمانە
وێنەی نییە لەو زەمینە پانە
ئەو عالەمە کویلە بۆ ئەوینە
بۆ مووچە وەیا لە بەر ئەوینە
تۆ نابی بە موویی سەر سەری وی
بۆ ناچی و ببیە مەیتەری وی؟
کیژێکە نەمامی تازە ڕوسقاو
هەڵکەوتووە دڵبەری بەڵەک چاو
ئەو حۆریە تازە دێت مەمکی
خڕکاتەوە وەک بەهێ بەشلکی
نەیکردووە شوو کچێکە ماوە
پشتی پەریانی پێ شکاوە
کاتێ دەکەوێتە دوڕ وەشانی
حاتەم هوڕە ناگەڕێ زمانی
هەردەم کە بە لەنجە دێ لە پش ماڵ
بۆی دەبنەوە لاو و پیرە بێ حاڵ
گەر دێت و دەچێتە دەر بەشەنگی
وەک سوورە قوڵنگە تەرز و ڕەنگی
جامی جەمە بۆ دڵی هەژاران
ئاوێنەیە ئەو لە بۆ نەداران
من دەچمەوە کن پەری پەڵک زێڕ
بۆ شت، بە جەواڵ و تورەکە و تێڕ
بۆ دەبمەوە گەدایی باڵەکانە؟
بۆ قوشە و پووڵ و بۆ قڕانە
گەر بوومە بە چاوەشی خەزاڵێ
بەخشەندەیی زۆرە ئەو لە ماڵێ
شۆخێکە هەتا بڵێی جوانە
وەک خۆرە لە خێڵی وەیسی یانە
نیشانەیی ئەو جووانە ئەی لاس
بۆ ئێرە بڕێکی با بکەم باس
گرتت کە لە بۆ خەزاڵ برکە
ئێرانییە خانمی گەورکە
وێنەی کە لەوێ دەداوە لاسی
دەیخستە تسەلان و لێژی کاسی
مەنسوور ئەوەی گوت و وەڕێ کەوت
لاس ئەو دەمە مات بوو دەبوو هەوت
تیرێکی وەهایی ئەو وەدڵ کەوت
سووتا بە ئەوین هەر وەکوو نەوت
گربووی کڕی عیشقە چون لە یارێ
هۆشی دەبڕاوە ئەو بە جارێ
بە باسەوە لاس ئەبوو کەساسە
تاوێکی لە خۆ دەچوو دەتاسا
شەیدایی خەزاڵ ئەبوو نەدیدە
گیان و دڵی وەو کچەی نەبی دا
بەو عیشقە دڵی هەلا هەلا بوو
نادیدە لەوێوە موبتەلا بوو