گرتنی مامۆستای شەڕ و سواری بۆ شارەزاکردنی لاس بە فەننی شەڕ

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 2 دقیقه  448 مشاهده
ئەحمەد کەوە ئەو کوڕەی وەها دی
هێنایی بە خۆشی و بە شادی
چەن دانە مرۆیی چوست و چالاک
ئازا و ڕەشید و مەرد و بێ باک
زانا بە تەواوی ئەسڵەحەی شەڕ
هێرش بەری سەر چیاو سەنگەر
تا ڕاو بە سەقرە یا بە بازی
ڕمبازی بە ئەسپ و تەقڵەبازی
لێدانی بە خەنجەر و بە شمشیر
هاویشتنی ڕمبی قەف قەف و تیر
دەربردنی گۆیی خڕ لە مەیدان
ڕۆیشتنی بۆ حەوا بە گۆچان
بۆ دارە لە مۆرە پشتی یەکدان
چۆنی کە دەبێ بدەن لە نێو شان
لەو دارە چ جۆرە لابدا خۆ
گۆچانی چلۆن بدا لە بن گۆ؟
مەرجی لە جلیت دا ئەگەر بەست
هەمتایی بکا چ جۆرە بەر دەست؟
بەو لاسە بڵێن و ئەو بکەن فێر
بەشدارە لەوانە با ببێ شێر
ئەو تاقمە لاوی فێڵەزانە
گوتیان بەلاسە ئەو شتانە
وا فێر دەبوو ئەو جوانە فەندان
فەندی بە دەرس دەگوت بە شت زان
هەرچی کە لە کن خەڵک هونەر بوو
دەیزانی و خۆت خوتەی لەسەر بوو
وەک لاس کەسێ لە کوردەواری
پەیدا نەدەبوو لە بۆ سواری
بە سواریە ئەسپە دوو قڕانی
دەیدا وەبەر ئاو و زەنگیانی
ئەسپی کە دەدا لە لێژ غارە
لەو جێیەوە هەر دەماوە پارە
گۆێنی کە کرد بایە گرەو
گۆیی دەڕفاند ئەو لە خوسرەو
مشتی کە دەگرت فرسەخی دوور
تیری دەدرا لە چاوی پەڕ کور
کاتی شەڕە بۆ هەرایی شیری
کێ بوو کە بە شەڕ بگا بە میری؟
ڕۆژێ دەگەڕا لە شیو و باسک
بۆ کوشتنی شێر یانە ئاسک
هەر خۆیی پەسند با و وچابوو
سەرپاکی ئەلەو جوانەدا بوو
باسی لە نەجیبی و ڕەشیدی
ئەو لاوە جوانە نایەچیدی
لەو بارەوە وایە بێ دەنگ
بم، تاکوو زمانی من نەبێ لەنگ