داوای شاعیر لە مەیگێڕ بۆ گوێڕاگرتن بۆ بەیتی لاس و خەزاڵ
از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
2 دقیقه
620 مشاهده
مەیگێڕە پیاڵەی مەی بگێڕە
ئەوجار لە من گوێ بدێرە
باسێکی ئەوا دەڵێم لە لاسی
ئەو لاوەیی با ئەتۆ بناسی
دانیشە برایی غەم ڕەوێنم
مەی بێنە بە باو دەت دوێنم
بیتو سەری تۆ بەوەی نەئێشێ
باوێکە سەرنج ڕادەکێشێ
ڕووی داوە لە نیشتمانی کوردان
لەو خاوەنی گوندی ناو پردان
بۆ بیستنی باسی لاس چەن ساڵ
من بووم لە دێ و شار و عەوداڵ
نەمدیتوە شایەرێکی مەشهوور
بدوێ کە لە لاس بێ کەم و کوور
من چوومە کن ئاشنا و یاران
دەمگرتەوە ڕێ بە ڕێبواران
تووشم نەدەبوو وەکەس کەوا بێ
بەو بەیتەیی لاس ئاشنا بێ
بەو داخەوە داخ ئەبوو لەشی من
بەو ئاورە جەرگ و دڵ دەبۆوە ئاسان
هەر بۆ منی جەرگ و دڵ بە ژانە
ون بۆ وەشەیاری باو زانە
کۆڵم نەدەدا لە هەوڵدانێ
بۆ پیرێ کە باوەکەی بزانێ
ئەوجا بە شەو و بە ڕۆژە سوڕام
لەو بارەوە من لاس دەدوام
تووشم نەدەبوو بە یەک بەیت وێژ
زامی دڵم ئەو بکا کە سارێژ
تیراوەیی جەرگەکەم نەفەوتا
هەر ماوە لە رویی سینەکەم تا
ڕۆژێکی ئەمن دەگەیمە پیرێ
وشیار و بە زەین و شت لە بیرێ
ڕووی تێ کدم و گوتی لە بەیتان
چی دیی مەگەڕێ لە کێو و دەشتان
هەرچی کەوە بت هەوێ لە باوان
بۆ تۆیی دەڵێم ئەمن، بە چاوان
دەمگوت کە فریشتە تۆیی ئەی پیر
لەو کاتە کە بۆمە بویە دەسگیر
دانیشە بە ڕێز تۆ لە کنمان
بدوێنەوە من بە باو و بەیتان
نێوت چیە؟ با ئەمن بزانم
نێوی تووە ڕاحەتی گیانم
دەیگوت کە ئەمن «وسێن کەنیلەمشخص»
سەرچاوەیی لاوک و نەزیلەم
زانیم کە شەیارە ئەو وسێنە
دەمگوت وەرە کاکە دامەمێنە
تۆ دەسکە بە لاس بێ لە گەرمێن
ئەو گەوهەرە بێنە دەر لە خورجین
بابێ لە کەژ و چیایی ئێران
شوانانە مەڕی بدا لە بێران